نەوەی نوێ: بەشداری کۆبوونەوەی سبەینێی پەرلەمانی عێراق بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار دەکەین


وێستگەنیوز-

دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق رۆژی شەممە 11ی نیسانی 2026ی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق دیاریکرد، فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق دەڵێت، "بەشداری کۆبوونەوەکە دەکەین.


ئەمڕۆ هەینی 10ی نیسانی 2026، فراکیسۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، "وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ سبەینێ بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان دەکەین و بریاری گەلی کورد لای تاکە حزبێک نییە تا بەئارەزووی خۆی زەوتی بکات، بۆیە وەک بەرپرسیارێتییەکی نیشتیمانیی و ئەخلاقیی و پەرلەمانیی لە دانیشتنەکەدا بەشدار دەبین".

ئاماژەی بەوەکرد، "پێویستە پەرلەمان لە وادەی خۆیدا ئەرکە دەستوورییەکان جێبەجێ بکات و ڕێگا نەدات هیچ یەک حزب و لایەنێک بڕیار و کۆدەنگیی کورد کورد قۆرخ بکات، وەکچۆن ئێستا پارتی و هەندێک لایەن دەڵێن سبەینێ بەشداریی کۆبوونەوەی پەرلەمان ناکەین بۆ هەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار".

فراکسیۆنەکە دەڵێت، "بێگومان ئەمانە ترسیان لە ڕووبەڕووبوونەوەی سیاسیی و کێبڕکێی دیموکراسیی هەیە، بۆیە هەمیشە بیانوو دەهێننەوە و خۆیان لە پشت درووشمی یەکڕیزیی و تەوافوق دەشارنەوە، لەکاتێکدا ئەمانە باوەڕیان بەو پرەنسیپە نییە لەناو خودی هەرێمدا، بۆیە لەبری پاساوهێنانەوە و درووشمی دووبارە، با بکشێنەوە لە پرۆسەی سیاسیی. هەروەها ئەو پەرلەمانتارانەی واژوویان لەسەر داوای ئەنجامدانی دانیشتنەکە کردووە، بەرپرسیارێتییەکی مێژوویی لەبەردەم گەلی کورد و دەستووردا هەڵدەگرن و پێمانوایە هەموویان لەم رۆژە گرنگەدا ئامادە دەبن".

دەشڵیت، "هەروەکچۆن ئێمە وەک فراکسیۆنی نەوەی نوێ لەگەڵ ئەوەداین پێویستە ناوی هەموو ئەو کەسانە بنووسرێت و بۆ هاوڵاتیانی ئازیزی کوردمان بڵاو بکرێتەوە کە ئامادە نەبوونە لە دانشتنەکەدا، تا بۆ خەڵک و ڕای گشتیی ڕوون بێتەوە چ لایەنێک و کەسێک هەوڵی پەکخستن دەدەن و کێش لەگەڵ چەسپاندنی دەستوور و دامەزراوە دەستوورییەکاندایە".


PM:01:51:10/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 352 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت