بڕیار لەسەر چارەنوسی پرۆسەی خوێندن لەهەرێمی کوردستان دەدرێت


وێستگەنیوز-

بڕیارە ئەمشەو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنی حکومەت، بۆ دیاریکردنی چارەنوسی پرۆسەی خوێندنی خوێندکارانی زانکۆ و ناوەندەکانی خوێندن کۆببنەوە و بڕیاری یەکلاکەرەوە بدەن.

لەمبارەیەوە رۆژی چوارشەممە، 8ـی نیسانی 2026، ئارام محەمەد، وەزیری خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی هەرێمی کوردستان لە لیدوانێکی میدیاییدا رایگەیاند: "سوپاس بۆ خودا بۆ ماوەی دوو هەفتە ئاگربەستێک دەبێت؛ پێشتر بڕیاری ئۆنلاینکردنی خوێندن لەسەر بڕیاری ژووری ئۆپەراسیۆنی حکومەتی هەرێمی کوردستان درابوو، بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین دۆخەکە ئارامە و دەرفەتێکی لەبار هەیە بۆ گەڕانەوەی خوێندکاران."

وتیشی؛ "بڕیارە ئەمشەو لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆنەکانی حکومەت کۆببینەوە بۆ ئەوەی بڕیارێکی تەندروست لەبارەی چارەنووسی خوێندن بدرێت".

دکتۆر ئارام وتیشی؛ "لە هەرێمی کوردستان تەنیا بابەتی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران نییە، بەڵکو ئەو گروپانەی لە عێراقدا هەن زۆرجار هەڕەشە لە ئێمە دەکەن و مەترسییەکان لەوێوە بۆ ئێمە دێن. بۆیە دەبێت ئەوە لەبەرچاو بگرین کە ئایا ئەگەر ئەمریکا و ئێران موشەکەکان خامۆش بکەن، ئەو گروپانە چی دەکەن."

رۆژی یەکشەممە، 29ی  ئاداری 2026، حکومەتی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا خوێندنی ئامادەبوون لە نێو پۆل رابگیرێ و پڕۆسەکە تەنیا بە شێوازی ئۆنلاین و دیجیتاڵی بەردەوام بێت. بەڵام چاوەڕوان دەکرێت دوای کۆبوونەوەی ئەمڕۆ بڕیاری نوێ لەو بارەیەوە بدرێت.


PM:05:51:08/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت