نێچیرڤان بارزانی: ئاگربەستی ئەمریکا و ئێران هەنگاوێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیری و بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن
وێستگەنیوز-
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 08ی نیسانی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی "ئێکس"، رایگەیاند، "پێشوازی لە رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان ئەمریکا و کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئەم پێشهاتە هەنگاوێکی زۆر گرنگە بۆ کەمکردنەوەی گرژییەکان و پاراستنی هاوتییانی سڤیل، هاوکات دەبێتە هۆی گەڕاندنەوەی گفتوگۆی بنیاتنەر بۆ ناوچەکە".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، "ستایشی هەوڵەکانی سەرجەم ئەو لایەنانە دەکەین کە رۆڵیان هەبووە لە ئاسانکاریکردن بۆ گەیشتن بەم ئاگربەستە".
نێچیرڤان بارزانی لە کۆتایی پەیامەکەیدا ئەوەشی خستە روو، "هیوادارم هەموو لایەنەکان بە نیەتێکی پاکەوە پابەندی ئەم بەڵێنە بن و پێکەوە کار بکەن بۆ بەدیهێنانی ئاشتییەکی درێژخایەن، بۆ ئەوەی ئاسایش و سەقامگیری و خۆشگوزەرانی لە سەرانسەری ناوچەکەدا بەرقەرار بێت".
بەرەبەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە 8ی نیسانی 2026، لە کاژێر 3:00ـەوە، ئاگربەستێکی دوولایەنەی 14 رۆژە لە نێوان ئەمریکا و ئێران چووە بواری جێبەجێکردنەوە. هەروەها بڕیارە رۆژی هەینی بە نێوەندگیریی پاکستان، گفتوگۆی راستەوخۆی هەردوو وڵات لە ئیسلام ئابادی پایتەخت دەستپێبکات بۆ گەیشتن بە رێککەوتنی کۆتایی.
AM:11:41:08/04/2026
ئهم بابهته 184
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت