پارتی سۆسیالیست: شەهیدکردنی ئافرەتی کورد لەشیرینی خەودا جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنە


وێستگەنیوز-

وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامێکدا هەڵوێستی پارتەکە بەرامبەر بە شەهیدبوونی دوو هاوڵاتی بە هۆی هێرشێکی درۆنی لە پارێزگای هەولێر رادەگەیەنێت و داوا دەکات لایەنە حکومەت بەدواداچوونی بۆ بکەن.

د.فەرهاد تۆفیق، وتەبێژی فەرمی پارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان لە پەیامەکەیدا کە لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردوەتەوە دەنوسێت، "بۆ دەبێت هاوڵاتیانی کورد لەگەڵ بەرزکردنەوەی بێلایەنی و نەبوون بەبەشێک لەجەنگ، باجی جەنگێک بدات، کە ئەمریکاو ئیسرائیل هەڵیانگیرساندووە".

لەبەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتووە، "ئێمە لەپارتی سۆسیال دیموکراتی کوردستان وێڕای دەربڕینی هاوخەمی و نیگەرانی قوڵ بۆ شەهیدبوونی ئەو دوو هاوڵاتییە، ڕایدەگەیەنین شەهید کردنی ئافرەتی کورد لەشیرینی خەودا و لەناو ماڵەکەی خۆیدا لەگوند، جێگەی هەڵوەستە لەسەرکردنەوەو ئەرکی لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەتە بەدواداچوونی وردبکات بۆ ئەم بابەتەو حکومەتی عێراقیش بەئەرک و بەرپرسیارێتی خۆی هەڵبستێت و ئەم هێرشانە بۆ سەرهەرێمی کوردستان بنبڕبکات، چونکە ئەرک و بەرپرسیارێتی ئەوە، کە هێزەلەیاسا دەرچووەکان بەسزای یاسایی بگەیەنێت و سنور و ئاسمانی هەرێمیش بپارێزێت، خۆ ئەگەر ئەم کارەی پێناکرێت ئەوا هەرێمی کوردستان مافی خۆیەتی ئەم بۆشاییە ئەمنییانە پڕبکاتەوەو ئەم مافە بەهەرێم بدات".


PM:01:03:07/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 252 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت