لە هەولێر چوار کەس بە تۆمەتی سوکایەتی بە ئاڵای عێراق دەستگیر دەکرێن


وێستگەنیوز –

لە هەولێری پایتەختی کوردستان فەرمانی گرتن بۆ 4 کەس دەرچووە کە تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵای عیراق و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت "سوکایەتی بە ئاڵای عێراق قبووڵ ناکەین و تۆمەتباران سزا دەدرێن".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌، 1ی نیسانی 2026، بە هۆی سوکایەتیکردن بە ئاڵای عێراق لە گەڕەکی "دریم ستی" شاری هەولێر فەرمانی گرتن بۆ 4 تۆمەتبار دەرچوو کە یەکێکیان دەستگیر کراوە و بە دواداچوون بۆ سێ کەسی دیکە دەستی پێکردوە.

لەمبارەیەوە دکتۆر ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، حکومەتی هەرێم ڕێگە نادات هیچ کەسێک سوکایەتی بە ئاڵای عێراق بکات، چونکە سیمبولی سەروەرییە. ئاشکراشی کرد کە ڕێکاری یاسایی بەرامبەر ئەو کەسانە گیراوەتە بەر کە ئەو کارەیان کردووە.

دکتۆر ئومێد سەباح وتی: "ئەم ئاڵایە سیمبولی سەروەریی هەموومانە وەک عێراقی، ئەو ڕەفتارانە سەرکۆنەکراون و بە هیچ شێوەیەک گوزارشت لە هەستی خوشک و برایانی کورد ناکەن بەرامبەر عێراقییەکان."

سەبارەت بە ڕێکارە ئەمنییەکان، ئومێد سەباح ئاشکرای کرد کە فەرمانی دەستگیرکردن بۆ 4 کەس دەرچووە کە تێوەگلاون لە سووکایەتیکردن بە ئاڵاکە. لە ئێستادا یەک لە تۆمەتبارەکان دەستگیرکراوە و شوێنی ئەوانی دیکەش دەستنیشان کراوە، کە بڕیارە بەم زووانە هەموویان دەستبەسەر بکرێن.

لە پەیامەکەدا جەخت کراوەتەوە کە تەواوی تۆمەتبارەکان ڕەوانەی دادگا دەکرێن تاوەکوو بەپێی یاسای سزادانی عێراقی، سزای شایستەی خۆیان وەربگرن. ئەم هەنگاوە وەک ئاماژەیەک بۆ پابەندبوونی هەرێمی کوردستان بە سەروەریی یاسا و ڕێزگرتن لە هێما نیشتمانییەکان دەبینرێت.

لە کۆتایی پەیامەکەیدا، دکتۆر ئومێد سەباح دووپاتی کردەوە کە هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە بە لانکەی ئاشتی و پێکەوەژیان بۆ هەموو عێراقییەکان دەمێنێتەوە. ڕاشیگەیاند کە حکومەتی هەرێم ڕێز و پێزانینی زۆری بۆ هەموو لایەک هەیە و ڕێگە نادات هیچ ڕەفتارێکی تاکەکەسی ئەو پەیوەندی و پێکەوەژیانە تێکبدات.


PM:09:14:01/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت