ئیتڵاعاتی ئێران هەواڵی دەستگیرکردنی 8 ئەندامی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی راگەیاند


وێستگەنیوز-

وەزارەتی ئیتڵاعاتی ئێران هەواڵی دەستبەسەردا گرتنی "كارگۆیەكی گەورەی پەیوەندیی سیخوڕیی" و دەستگیركردنی 8 ئەندامی حیزبەكانی رۆژهەڵات یان وەك راگەیەنراوەكە دەڵێت "گروپە جودایی خوازەكان"ی راگەیاند.

ماڵپەڕی "تەسنیم"ی ئێرانی راگەیەنراوێكی وەزارەتی ئیتڵاعاتی بڵاوكردەوە كە تێیدا هاتووە هێزەكانیان لە پارێزگای ئازەربایەجانی رۆژئاوا لە رۆژهەڵاتی كوردستان دەستیان بەسەر "كارگۆیەكی گەورە‌و چەندین ئامێری پەیوەندیی سیخوری ئەمریكی- زایۆنی" گرتووە.

لەراگەیەنراوەكەدا هاتووە لەم پەیوەندەدا 4 كەسیان لە شاری پیرانشار و 4 كەسی دیكەشیان لە شارەكانی ورمێ و شنۆ دەستگیركردوە كە بە وتەی راگەیەنراوەكە "سەر بە گروپە جوداییخوازەكان و سیخوری ئەمریكی – زایۆنی" بوون.

میدیا كۆماری ئیسلامی حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بە ناوی "گروپە جودایی خوازەكان" ناو لێدەبات.

تا ئێستا هیچ یەك لە حیزبەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان لەمبارەوە هیچ لێدوانێكیان نەداوە.


PM:06:04:01/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 632 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت