ئومێد خۆشناو: بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ چوارشەممە 1ی نیسانی2026، ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ کوردستان24ی رایگەیاندووە، "بەیانیی ئەمڕۆ زنجیرەیەک هێرشی درۆنی کراوەتە سەر کۆگایەکی رۆنی ئۆتۆمبێل و بەو هۆیەوە ئاگرێکی گەورە کەوتووەتەوە".


ئاماژەی بەوەکرد، "هێرشی یەکەم لە کاتژمێر 7:30ـی بەیانی ئەنجامدراوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەرگریی شارستانی گەیشتوونەتە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنتڕۆڵکردنی ئاگرەکە، بەڵام لە کاتژمێر 8:40 خولەک و لە کاتی سەرقاڵبوونی تیمەکان بە کارەکانیان، جارێکی دیکە لە رێگەی درۆنی دووەمەوە هێرش کراوەتەوە سەر هەمان شوێن".

ئومێد خۆشناو وتی، "زنجیرە هێرشەکان بەردەوام بوون و لە کاتژمێر 10:20 خولەکی پێشنیوەڕۆ بۆ جاری سێیەم درۆنێکی دیکە لە شوێنی ئاگرەکەیداوە، بە گشتیی 3 درۆن لە کۆگاکەیان داوە و درۆنێکی دیکەش پێش پێکانی ئامانجەکەی، لە ئاسماندا تەقێندراوەتەوە".

وتیشی، "لەپێناو پاراستنی گیانی کارمەندانی هێزە ئەمنییەکان و تیمەکانی بەرگریی شارستانی، داواکراوە لە شوێنی رووداوەکە دووربکەونەوە، چونکە بەهۆی سێ جار بۆردوومانکردن و گەورەیی قەبارەی ئاگرەکەوە، هیچ شتێک لەناو کۆگاکەدا نەماوە نەسوتابێت".

راشیگەیاند، "بەهۆی مەترسییەکان و نەبوونی هیچ شتێکی رزگارکراو لەناو کۆگاکەدا، ئێستا تیمەکان چاوەڕێ دەکەن ئاگرەکە خۆی بکوژێتەوە".


AM:10:59:01/04/2026


ئه‌م بابه‌ته 368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت