ئۆجەلان: هیچ کێشەیەکمان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە


وێستگەنیوز-

عەبدوڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پەکەکە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە و رایگەیاند هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و هۆکاری کێشەکان تەنیا بۆ نەبوونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە.

سێشەممە، 31ـی ئاداری 2026، عەبدوڵڵا ئۆجەلان، رێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە رێگەی شاندی ئیمراڵیی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی)ـیەوە پەیامێکی نوێی بڵاوکردەوە. شاندەکە پێش سێ رۆژ سەردانی دوورگەی ئیمراڵییان کردبوو.

عەبدوڵڵا ئۆجەلان لە پەیامەکەیدا رایگەیاند، هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کۆماری تورکیادا نییە و هۆکاری کێشەکان تەنیا بۆ نەبوونی دیموکراسی دەگەڕێتەوە و چارەسەریش بەهێزکردنی کۆمارە لە رێگەی سیستمی دیموکراسییەوە.

هەروەها روونیشی کردەوە، دوای شەڕی ئێران سێ هێڵ دەرکەوتوون، یەکەمیان هێڵی ئیسرائیلە و دووەمیان هێڵی هەندێک هێزی نێودەوڵەتی و هەرێمییە بە پێشەنگایەتیی بەریتانیا و ئامانجیان پاراستنی دۆخی ئێستایە، سێیەمیان هێڵی دیموکراسی و ژیانی هاوبەشە و لە رێگەی پرۆسەی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیکەوە ئەو هێڵە دەپارێزن.

ئەوەشی خستە روو، پێشهاتەکانی ئێران جارێکی دیکە نیشانیان دا پرۆسەی ئاشتی لە تورکیا رەوا و گرنگە، بۆیە چارەسەری لەسەر هێڵی ئەنادۆڵ و میزۆپۆتامیا بونیاد دەنێن، لەبەرئەوەی پەیوەندیی نێوان ئەم دوو ناوچەیە رەگ و ریشەی مێژوویی قووڵی هەیە.

لە کۆتاییدا جەختی لەوە کردەوە، وەک لە بانگەوازی 27ـی شوباتدا دیاری کردووە، سەردەمی خەباتی چەکداری بەتەواوی کۆتایی هاتووە.




AM:10:57:31/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت