وەزارەتى خوێندنى باڵا رێکارەکانى تەواوکردنى پرۆسەى خوێـندنی بە شێوازى ئۆنلایـن بڵاوکردەوە


وێستگەنیوز-

وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى حکومەتی هەرێمی کوردستان رێکارەکانى تەواوکردنى پرۆسەى خوێـندن بەشێوازى ئۆنڵاین بڵاوکردەوە.


لە راگەیەندراوێکدا وەزارەتی خوێندنی باڵاو و توێژینەوەی زانستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئاماژە بە کۆبوونەوەى نا ئاسایى ژمارە 2ى ساڵى 2026ى ئەنجومەنى وەزارەتى خوێندنى باڵا و توێژینەوەى زانستى، کە رۆژى یەکشەممە رێکەوتنی 29ی ئاداری 2026، بەشێوە ئۆنلاین بەڕێوەچوو بۆ رێکارەکانى تەواوکردنى پڕۆسەى خوێندن بۆ ساڵى 2025 - 2026 بەم شێوەیەى خوارەوە:

1- پڕۆسەى خوێندن لە رێکەوتنی 30ی ئاداری 2026، بەشێوەى ئۆنلاین و دیجیتاڵى لە سەرجەم زانکۆکانى هەرێمى کوردستان دەستپێدەکاتەوە، بە زانکۆ و پەیمانگە تایبەتەکانیشەوە.

2- دەسەڵات دەدرێتە زانکۆ و پەیمانگەکان بەپێى شوێنى جوگرافى و تایبەتمەندى بەشە زانستییەکان بۆ گرتنەبەرى هەر شێوازێکى خوێندنى ئۆنلاین و دیجیتاڵى و بەکارهێنانى یەکێک لە پلاتفۆرمە ستانداردە جیهانییەکان.

3- سەرەڕاى خوێندنى ئۆنلاینى راستەوخۆ، زانکۆ و پەیمانگەکان پێویستە تەواوى وانەکان بەشێوەى ئەلیکترۆنى دەسەبەر بکەن لەسەر ئەو پلاتفۆرمەى کە بەکارى دەهێنن بۆ وانە وتنەوە.

4- کۆلیجە پزیشکییەکان جگە لەو بابەتانەى کە بە ئۆنلاین وەریدەگرن، بۆ وانە پراکتیکى و تیۆرییەکانى تر دەتوانن بچنەوە ناو نەخۆشخانەکان و بەردەوامى بەخوێندن بدەن.

5- ئەو وانانەى کە بەشێوەى ئۆنلاین و ڕاستەوخۆ دەگوترێنەوە، پێویستە لەکاتى دەوامى فەرمى و خشتەى وانەکانى رۆژانە دابن، واتە نابێت بخرێنە دواى دەوامى فەرمى و شەوان.

6- سەبارەت بە وانە پراکتیکییەکان، ئەو وانانەى کە دەکرێت لەڕێگەى ئۆنلاین بوترێنەوە بەپێى پسپۆڕییە جیاوازەکان، ئەوا بەشێوەى ئۆنلاین دەگوترێنەوە، ئەو وانە پراکتیکیانەشى کە پێویستى بەناو کەمپەس دەبێت، زانکۆ چاوەڕێى هەڵسەنگاندنى بارودۆخى هەفتەکانى دواتر دەکەن بۆ ئەوەى لەکاتى ئاسایى بوونەوەى بارودۆخەکە لەناو کەمپەس وانەکان بوترێنەوە.

7- سەبارەت بە تاقیکردنەوەکان، پێویستە لەسەر زانکۆ و پەیمانگەکان بە لەبەرچاوگرتنى بارودۆخەکە بەپێى خشتەیەکى گونجاو بۆ هەر کۆلیج و بەشێکى زانستى تاقیکردنەوەکان ڕێکبخرێن، بەمەرجێک ڕەچاوى هاتوچۆى خوێندکارانى دەرەوەى شار بکرێت، لەهەمان کاتیشدا خشتەى کۆلیجەکان لەیەک کاتدا نەبن، ئەمەش بەمەبەستى دروست نەبوونى قەرەباڵغى ناو زانکۆ و بەشە ناوخۆییەکان.

8- کۆڕسى خولەکانى پێداگۆجى و سەنتەرەکانى زمان بەشێوەى ئۆنلاین بەردەوام دەبن.

9- گفتوگۆى نامەکانى (ماستەر، دکتۆرا) هەروەک پێشتر وەزارەتمان بڕیارى لەبارەوە دابوو، تەنها سەرۆک و ئەندامانى لیژنە و سەرپەرشتیار و توێژەر ئامادەى گفتوگۆکە دەبن.

10- بەڕێوەبەرایەتى ئایتى لەسەرۆکایەتى سەرجەم زانکۆ و پەیمانگەکان لەم ماوەیەدا بەردەوام بەئەرکى خۆیان هەڵسن بۆ چارەسەکردنى هەر گرفتێکى تەکنیکى بۆ کۆلێج و بەشەکان و هاوکاری کردنى خوێندکاران و قوتابیان.

11- بۆ هەر پرسێک کە دێتە پێشەوە و لەم گشتاندنەدا ئاماژەى پێنەکراوە، ئەوا زانکۆ و پەیمانگەکان پەیوەندى بە فەرمانگە پەیوەندیدارەکانى ناو دیوانى وەزارەت دەکەن بەمەبەستى رێوشوێنى کردنیان.


PM:02:42:30/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 576 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت