سەرچاوەکان بۆ «العین الإخباریة»: چەند شارەزایەکی حوسی لە عێراق و لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەمریکادا کوژران
وێستگەنیوز-
سەرچاوە ئاگادارەکانی یەمەن، ڕایانگەیاند 7 شارەزای میلیشیاکانی حوسی لە عێراق، بەهۆی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگەکانی حەشدی شەعبی کوژراون.
ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، بۆردومانی پێگەکانی حەشدی شەعبی دەکات، حهشدی شهعبی له چوارچێوەی سوپای عێراقدا، گروپێكی چهكدارن، بەڵام دڵسۆزییان بۆ ئێران هەیە.
یەکێک لەو هۆکارانەی واشنتۆن، بۆ پاساوی هێرشەکان بەکاریهێناوە، هەڵوەشاندنەوەی تۆڕی میلیشیاکانی سەر بە ئێرانە، لە چەند وڵاتێکی عەرەبیدا، لەوانەش یەمەن، لوبنان و عێراق.
ئەو سەرچاوانە کە قسهیان بۆ كهناڵی ناوبراو كردووه، نەیانویستووە ناویان ئاشکرا بکرێت، باسیان لهوه كردووه 7 ئەندامی میلیشیاکانی حوسی لە عێراق کوژراون، لە نێویاندا 4 سەرکردەی سەربازی هەن کە وەک شارەزا لە یەکەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سەر بە بزووتنەوەی "نوجەبا"ی عێراقی کاریان دەکرد.
بەپێی سەرچاوەکان، لیستی کوژراوەکان 3 ئەندامی تریشی تێدایە کە وەک تەکنیکار، لە یەکەکانی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان کاریان دەکرد. ههمو ئهوانه، لە ئەنجامی بۆردومانەکانی ئەمریکا بۆ سەر پێگە سەربازییەکان و بارەگاکانی حەشدی شەعبی لە عێراق گیانیان لەدەستداوە.
لهلایهكی دیكهوه، سەرچاوەکان ئهوهشیان ئاشکرا کردووە زیاتر لە 22 سەرکردەی سەربازیی حوسی لە عێراق و لە ناو یەکەکانی حەشدی شەعبیدا هەن، ئەمەش لە چوارچێوەی بەرنامەکانی پڕچەککردن و مەشق و ڕاهێنانی هاوبەش، نێوان هەردوولا جێگیرکراون.
لە ماوەی ساڵانی ڕابردوودا، فەیلەقی قودسی سەر بە سوپای پاسداران، کە بەرپرسی میلیشیاکانی لایەنگرانی تارانه لە دەرەوە، چەمکی "یەکگرتوویی گۆڕەپانەکان/ وحدة الساحات" پەسەند کردووە؛ شارەزایان دەڵێن ئەم چەمکە، بە واتای جووڵەی میلیشیاکان دێت، لە چوارچێوەی پلانە هاوبەشەکاندا کە لە بەرژەوەندی ئێران دەشکێتەوە، بەبێ ڕەچاوکردنی بەرژەوەندییەکانی وڵاتانی ناوچهكه.
سەرچاوە یەمەنییەکان، ئاماژەیان بەوەش کردووە ژمارەیەک لە پسپۆڕانی حوسی لە عێراق کاردەکەن، بۆ ئاسانکاریی گەیاندنی پێداویستییە سەربازی و لۆجستییەکان، لە حەشدی شەعبییەوە بۆ گرووپەکەیان.
شایەنی باسە، لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشەکان لە 28ی شوباتی ڕابردووەوە، چەندین پێگەی سەربازی و بارەگای حەشدی شەعبی کەوتوونەتە بەر بۆردومانەکانی ئەمریکا و بووەتە هۆی کوژران و برینداربوونی دەیان چهكداری حەشدی شهعبی.
PM:12:36:30/03/2026
ئهم بابهته 88
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت