پەروەردەی سلێمانی رێکارەکانی خوێندنی ئۆنلاینی راگەیاند


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ دووشەممە 30ی ئاداری 2026، بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پەروەردەی سلێمانی ڕێکارەکانی تایبەت بە پرۆسەی خوێندنی ئەلیکترۆنی و ئۆنلاینی لە سەرجەم قوتابخانە و خوێندنگەکان بڵاوکردەوە.


لە نووسراوێکی فەرمیدا کە نەژاد عەبدوڵڵا محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی پەروەردەی سلێمانی بەوەکالەتی واژۆی کردووە ئاماژە بەوە کراوە، دەبێت سەرپەرشتیارانی پەروەردەیی و دەستەی کارگێڕیی ناوەندەکانی خوێندن، ڕۆژانی سێشەممە دەوام بکەن و سەردانی ناوەندەکانی خوێندن بکەن، ئەمەش بەمەبەستی ڕاییکردنی ئەرکە کارگێڕیی و فێرکارییەکان و بەدواداچوونی پرۆسەکە دەبێت.

هەروەها پەروەردەی سلێمانی ڕایگەیاندووە، "بە هەماهەنگی لەگەڵ تەلەفزیۆنی پەروەردەیی، وانەکان تۆمار دەکرێن و بەپێی خشتەیەکی دیاریکراو ڕۆژانە پەخش دەکرێن هاوکات، پێویستە بەڕێوەبەری ناوەندەکانی خوێندن ڕاستەوخۆ سەرپەرشتیی کارەکانی مامۆستایانی خوێندنی حکومی بکەن و چاودێریی ئەرکی ماڵەوەیان بکەن لەڕێگەی پلاتفۆرمی (ئی وانە) یان ئەو گرووپانەی کە لەلایەن مامۆستایانەوە دانرا".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ناوەندە پیشەییەکان دەتوانن ڤیدیۆ تۆمار بکەن و بیدەنە کارگێڕیی خوێندنگەکان بۆ ئەوەی لەڕێگەی گرووپەکانی (واتسئاپ، تێلیگرام، ڤایبەر)ەوە بڵاوی بکەنەوە کە لەلایەن مامۆستایان و خوێندکارانەوە بەکاردەهێنرێن هەروەها، مامۆستایان پابەند کراون کە هەفتانە ئاگاداریی بەڕێوەبەری قوتابخانەکان بکەن بۆ پێدانەوەی فیدباکی خوێندن".

لە نووسراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە، کە دەبێت بەڕێوەبەری سەرجەم ناوەندەکان راستەوخۆ سەرپەرشتی کارەکانی مامۆستایان بکەن و چاودێری ئەرکی ماڵەوەیان بکەن.




AM:09:48:30/03/2026




ئه‌م بابه‌ته 1596 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت