سی پی تی ئاماری قوربانیانی هێرشەکانی سەر هەرێم بڵاودەکاتەوە


وێستگەنیوز-

تیمی كوردستانی عێراقی رێكخراوی (سی پی تی) ئه‌مریكی رایگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا 474 هێرش كراونه‌ته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئاكامدا 14 كه‌س شه‌هیدبون و 93 كه‌سی دیكه‌ش برینداربون.

به‌پێی نوێترین راپۆرتی سی پی تی؛‌ لە یەک مانگی شەڕەکەدا، 474 هێرش بۆسەر هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە کە سوپای پاسدارانی ئێران 179 هێرش و گروپە هاوپەیوەندەکانی لە عێراق 295 هێرشیان ئەنجامداوە و لەسەرەتای دەستپێکردنی جەنگەکەشەوە 107 کەس بونەتە قوربانی؛ 14 شه‌هیدو 93 بریندار.

بە پێی راپۆرتەکە زۆرینەی هێرشەکان بۆ سەر پارێزگای هەولێر بون کە ژمارەیان 370 هێرش بوە، 90 هێرشیش بۆ سەر پارێزگای سلێمانی بوە، پارێزگای دهۆکیش 11 جار هێرشی كراوه‌ته‌سه‌ر و پارێزگای هەڵەبجەش کەمترین هێرشی تێدا تۆمارکراوە کە تەنیا 3 هێرش بوە.

سی پی تی ئاماژە بەوەشدەکات، ئەگەرچی سوپای پاسدارانی ئیران و گروپە هاوپەیوەندەکانی بانگەشەی ئەوە دەکەن کە لە هێرشەکانیان بۆ سەر هەرێمی کوردستان، بنکە و بارەگاکانی ئەمریکا و دامەزراوە هەواڵگرییەکان و گروپە شەڕکەرەکان بە ئامانجگیراون بەڵام لەپاڵ کۆنسوڵخانە و بارەگا سەربازییەکانی ئەمریکا و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵات لە هەرێمی کوردستان، چەندین شوێنی نیشتەجێبون و دامەزراوەی مەدەنی و ئەمنی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە ئامانجگیراون کە هیچ پەیوەندییەکیان بە جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران نەبوە.

به‌پێی راپۆرته‌كه‌، لە یەک مانگی جەنگەکەدا، کونسوڵخانەی ئەمریکا و بارەگا سەربازییەکانی لە هەرێمی کوردستان 181 جار بە ئامانجگیراون و حزبە کوردییەکانی ڕۆژهەڵاتیش لە هەرێمی کوردستان 121 جار هێرشیان کراوەتە سەر و شوێنە مەدەنی نشینەکان و دامەزراوە مەدەنییەکان و بارەگاکانی وەزارەتی پێشمەرگەش کە لایەنی بەشدار نین لەم شەڕە، 172 هێرشیان کراوەتە سەر.

هەروەها هاتووە؛ زۆرینەی هێرشەکانی سنوری پارێزگای هەولێر و دهۆک، لەلایەن گورپە میلیشیا و هاوپەیوەندەکانی ئێران لە عێراقدا ئەنجامدراون. ئەمە لە کاتێکدا زۆرینەی هێرشەکانی سەر پارێزگای سلێمانی ڕاستەوخۆ لەلایەن سوپای پاسدارانەوە ئەنجامدراون.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، لە 474 هێرش، 359 هێرشیان لە ڕێگەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی خۆکوژ ئەنجامدراون و 104 هێرشی تریان لە ڕێگەی موشەکەوە بون و 10 هێرشیش لە ڕێگەی تۆپبارانەوە بوە و یەک ڕوداوی تەقە کردنیش هەبوە.

هێمای بۆ ئه‌وه‌ش كردوه‌، لەو هێرشانەی کە کراونەتە سەر هەرێمی کوردستان 228 هێرشیان لە لایەن سیستەمی بەرگری ئاسمانی، یاخود تەقەکردن پوچەڵکراونەتەوە یاخود بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان کەوتونەتە خوارەوە کە ئەمەش بە واتای ئەوە دەێت، ڕێژەی 60.76%ی ئەو فڕۆکە بێفڕۆکەوان و موشەکانەی کە ئاراستەی هەرێمی کوردستان کراون، بەر لە پێکانی ئامانجەکانیان، خراونەتە خوارەوە یاخود خۆیان کەوتونەتە خوارەوە.

وه‌ك له‌ راپۆرته‌كه‌دا هاتوه‌، سەرباری زیانی گیانی، بەهۆی هێرشەکانەوە بەلایەنی کەمەوە زیان بەر 46 خانوی هاوڵاتی مەدەنی کەتوە و 32 ئۆتۆمبێلی خەڵکی مەدەنیش زیانیان بەرکەتوە. مەترسی هێرشەکانیش بوەتە هۆی وەستاندنی خوێندن لە قوتابخانە و خوێندنگا و پەیمانگا و زانکۆکان.

تیمی کوردستانی عێراقیرێكخراوی سی پی تی، بەنیگەرانی قوڵەوە لە گۆڕانکارییەکانی ئەم جەنگە دەڕوانێت و بە ئامانجگرتنی شوێنی نیشتەجێبونی هاوڵاتیانی مەدەنی و ماڵی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و دامەزراوە فەرمی و مەدەنییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیا بازرگانییەکان بە مەترسی دەزانێت لەسەر فراونتر بونی شەڕەکە و کاریگەرییەکانی بۆسەر ژیانی هاوڵاتییان لە هەرێمی کوردستان.

ئه‌وه‌شی خستۆته‌ڕو، سەرباری سەرکۆنەکردنی هێرشی هەمو لایەنە بەشدارەکانی ئەم شەڕە، تیمی کوردستانی عێراقی سی پی تی داوای کۆتاییهاتنی ئەم جەنگە و هێرشەکان بۆسەر هەرێمی کوردستان دەکات و وتوشیه‌تی، پێوستە ژیانی هاوڵاتییانی مەدەنی پارێزراو بێت و خەڵکانی زەرەرمەند بەزوترین کات قەرەبو بکرێنەوە. لەسەر حکومەتی عێراقیش پێویستە کە لەڕێگەی دیپلۆماسییەوە هەوڵی پاراستنی هەرێمی کوردستان و عێراق بدات و هەمو ئەو گروپ و لایەنانەی کە لە ناوخۆی عێراقەوە هێرش دەکەنە سەر هەرێمی کوردستان بەرپرسیار بکات.


PM:05:58:29/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 276 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت