وەزیری پێشمەرگە: دەبێت سنورێک بۆ ئەوانە دابنرێت کە هێرش دەکەنە سەر کوردستان
وێستگەنیوز-
وەزیری پێشمەرگە رایگەیاند، هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە
بەشێک نین لەو شەڕەی لە ناوچەکەدا هەیە و نابێت ببنە بەشێکیش لێی، داواش لە حکومەتی
عێراق کرد سنوورێک بۆ هێرشی گرووپە چەکدارەکان دابنێت و وەک شارەکانی دیکەی عێراق
بەرگری لە هەرێمی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ یەکشەممە، 29ـی ئاداری 2026، شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە
لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوە کرد، شەهیدبوونی پێشمەرگەکان هەموو تاکێکی
کوردی لە هەر شوێنێکی جیهان ماتەمبار کردووە و ئەو پرسەیە تەنیا پرسەی بنەماڵەیەک
نییە، بەڵکوو پرسەی هەموو خەڵکی کوردستانە، هیوایشی خواست هەرێمی کوردستان لە شەڕ
و ئاژاوە و پشێوی بەدوور بێت.
وەزیری پێشمەرگە روونیشی کردەوە، سەرکردایەتیی سیاسیی کورد
و حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە رێگەی سەرجەم کەناڵە جیاوازەکانەوە ئەو پەیامەیان گەیاندووە
کە هەرێمی کوردستان و هێزی پێشمەرگە بەشێک نین لەم شەڕە و نابێت ببنە بەشێکیش لێی.
جەختیشی کردەوە، ئەو گرووپانەی بە ئەنقەست دەیانەوێت سەقامگیریی
هەرێمی کوردستان تێکبدەن گرووپی دیارن، بۆیە پێویستە حکوومەتی عێراق رێکاری یاسایی
توندیان بەرانبەر بگرێتەبەر بۆ ئەوەی رێگری لە چەندبارەبوونەوەی ئەو کارە تیرۆریستییانە
بکرێت.
وەزیری پێشمەرگە وتیشی، "ئێمە وەک وەزارەتی پێشمەرگە کۆمەڵێک
هەنگاو و رێگەی پێویستمان گرتووەتەبەر، بەڵام یەکەمین ئەرکی بەرگریکردن لە هەرێمی
کوردستان دەکەوێتە ئەستۆی حکوومەتی عێراق".
لە کۆتاییدا ئەوەشی خستە روو، دەبێت حکومەتی عێراق وەک چۆن
بەرگری لە شارەکانی دیکەی عێراق دەکات بەو شێوەیەش بەرگری لە هەرێمی کوردستان
بکات، هێزی پێشمەرگەش هەمیشە بۆ پاراستنی خاکی کوردستان ئامادەیە و ئەم دۆخە نەخوازراوە
زیاتر هانی پێشمەرگە و خەڵکی کوردستان دەدات سوور بن لەسەر پاراستنی دەستکەوتەکانی
هەرێمی کوردستان.
PM:04:06:29/03/2026
ئهم بابهته 192
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت