هاوکار عزەت میکە: لەدەستدانی ئازیز و خەمخۆرێکی وەک کاکە مەبەست بۆ هەموومان خەسارەتێکی گەورەیە


وێستگەنیوز-

هاوکار عزەت میکە، بەڕێوەبەری دەزگای میدیایی شارپرێس بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ رۆژ بەسەر کۆچی دوایی مەبەست سەردار، میدیاکار و کامێرامان پەیامێک ئاڕاستەی رۆژنامەنووسان و میدیاکاران دەکات.


لە پەیامەکەیدا هاوکار عزەت میکە رایگەیاند، "بەبۆنەی تێپەڕبوونی سێ ڕۆژ بەسەر کۆچی کتوپڕی هاوڕێی ئازیزمان کاکە (مەبەست سەردار)ه‌وە، جارێکی تر سەرەخۆشی‌و دڵنەوایی لەخۆم‌ و تەواوی ئێوەی خۆشەویست دەکەم، دەزانم لەدەستدانی ئازیزو خەمخۆرێکی وەک کاکە مەبەست بۆ هەموومان دەبێتە خەسارەتێکی گەورە و بەسانایی جێگەکەی لە دڵی هیچکاماندا پڕناکرێتەوە".

ئاماژەی بەوەکرد، "وێرای ئەوەی لەسێ ڕۆژی ڕابردوودا هەموومان لەپرسەیەکی گشتگیردابووین‌ و دڵتەنگی‌و بێ حەوسەڵەیی‌ و فرمێسک باڵی کێشابوو بەسەر تەواوی ساتەکانماندا، بەڵام لەپاڵ ئەوەشدا دیاردەیەکی تەواو جوان‌ و تابلۆیەکی نمونەییمان بینی، تابلۆیەک کە جێگەی دڵخۆشیی‌و شانازییە بۆ هەموومان".

بەڕێوەبەری دەزگایی میدیایی شارپرێس دەڵێت، "ئەو پێکەوەبوون‌و ئاوێتەکردنەی فرمێسکی چاوەکانمان لەپرسەکەیدا دەرخەری ئەوەیە کە ژینگەیەکی زۆر دۆستانەو هاوڕێیانە و یەک خێزانیی لەنێوانماندا هەیە، دەخوازم هەموومان دەست بەو گیان‌ و ڕۆحیەتەوە بگرین‌و هەمیشە خۆشی‌و ناخۆشیەکانمان کۆمانبکاتەوە، بمانکاتە یەک جەستەی پێکەوە گرێدراو".

دەشڵێت، "بەڕێزان، ئەوەی لەماوەی سێ ڕۆژی ڕابردوودا بینیمان ئەوپەڕی دەرخەری ئەو ڕاستیەیەی کە هەرکەس چی بچێنێت هەر ئەوەش دەدورێتەوە، کاکە مەبەست کە ئێمە پێماندەوت (مەبلور گیان)، تا لەژیاندا بوو خۆشەویستی لای هەموومان چاندو هەر ئەوەشمان دوورییەوە لەپرسەکەیدا، بۆیە بەپێوسیتی دەزانم ئەو تکایەتان لێبکەم ئەم مەراسیم‌و کۆچەی مەبەست بکەینە دەرفەتێک بۆ زیاتر پێکەوەبوون‌ و لەگەڵ یەکبوون لەکاتە پێویستیەکاندا، با هەموومان قۆڵی لێ هەڵبماڵین‌ و ئەوەی کە بۆ مەبەستمان کرد، بەڵێن بدەین بەگۆرەکەی مەبەست کە بۆ یەکتریی‌و لەناوخۆشماندا بەهەمان گیانەوە کاربکەین‌و بژین‌و ڕۆژەکانمان بەڕێبکەین".

راشیگەیاند، "هەمیشە کۆست‌و ناخۆشییەکان تەنها بۆ فرمێسک ڕشتن‌و گریان نین، بەڵکو هەندێکیان بۆ ئەوەن مرۆڤ بەخۆیدا بچێتەوەو خەمێک بکاتە دەرفەت بۆ بونیادنانی ژیانێکی نوێ، بۆیە گرنگە لەئێستاوە هەمومان کار لەسەر ئەوەبکەین بەهەمان ڕۆحیەتی مەبەستەوە کارەکانمان بکەین‌و دوبەرەکی‌و ناکۆکی‌و ناڕەزایی‌و شتە بێبەهاکان ئەگەر هەبن، وەلابنێنین‌و وەک یەک جەستە ژیان‌و کار بەڕێبکەین".

لە پەیامەکەی هاوکار عزەت میکە ئەوەش هاتووە، "وێڕای پرسەو سەرەخۆشی دووبارەم بۆ خۆم‌ و هەمووتان بە کچان‌ و کوڕانەوە، دەستخۆشی‌و ماندونەبونی زۆرم بۆتان هەیە، وەک کەسێک کە لەگەڵ مەبەست هەمیشە بەبرا سەیری یەکترمان دەکردو ماوەی نۆ ساڵە پێکەوە بەردەوام لەکارداین، ڕێگە بەخۆم دەدەم دەستخۆشی‌و سوپاسی یەک بەیەکتان بکەم بۆ ئەو هیمەتە بەرزەی لەسێ ڕۆژی ڕابردوودا نواندتان، ئێوە ئێمەتان فێری ئەوەکرد کە لەدەرەوەی ستۆدیۆ و ئۆفیسەکان چ تەبایی‌و پێکەوەبونێک کۆی کردونەتەوە، پێتانوتین کە خۆشەویستی نێوانتان چەندە گەورەیە، بۆیە دوبارەو سەدبارە دەستی ماندوبوونتان دەگوشم‌ و هەرکامتان کە بەهەرجۆرێک بەشداربووە لەپرسەو مەراسیمەکانی کۆچی مەبەستدا بەتایبەت ئەو هاوڕێیانەمان کە ئەرکی ڕاییکردنی کارەکانیان لەئەستۆ بوو، ئەوان توانیان ئێمە سەربەرز بکەن لای خزم‌و کەسوکاری مەبەست، دەستیانخۆش‌ و هەرهەبن بۆ خەمخۆریی‌و بەدەمەوەبوونی هاوڕێیانیان، درود بۆ ڕۆحی کاکە مەبەست‌و تەمەندرێژی بۆ ئێوەی ئازیز".


PM:05:13:28/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت