محەمەد شیاع سودانی: ئیدانەی بە ئامانجگرتنی ماڵی نێچیرڤان بارزانی دەکەم لە دهۆک
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ شەممە 28ی ئاداری 2026، محەمەد شەیاع سودانی، سەرۆک وەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشەکەی سەر ماڵەکەی لە دهۆک ئیدانە کرد.
نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، سودانی و نێچیرڤان بارزانی دوایین پێشهاتەکانی عێراق و ناوچەکە و لایەنە ئەمنییەکانی لەسەر نیشتمانی و ڕێگاکانی دەستەبەرکردنی ئاسایش و سەقامگیری تاوتوێ کرد.
لەمیانی پەیوەندییەکەدا سودانی ئیدانە و رەتکردنەوەی خۆی بۆ هێرشە دڕندانەکەی سەر ماڵی نێچیرڤان بارزانی لە پارێزگای دهۆک دەربڕی و ستایشی هەڵوێستە نیشتمانییەکانی نێچیرڤان بارزانی و پابەندبوونی بە پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان هەموو عێراقییەکان کرد.
سودانی فەرمانی بە پێکهێنانی تیمێکی هاوبەشی ئەمنی و تەکنیکی لە دەزگا ئەمنییە پەیوەندیدارەکان لە حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم کرد، بۆ لێکۆکینەوە لە رووداوەکە و دەستنیشانکردنی تاوانباران و گرتنەبەری هەموو ڕێکارێکی یاسایی پێویست بەرامبەریان.
هەروەها سودانی پابەندبوونی حکومەتی دووپاتکردەوە بۆ ڕێگریکردن لە هەر لایەنێکی لە یاسا دەرچوو، چ ناوچەیی بێت یان نێودەوڵەتی، لە راکێشانی عێراق بۆ ناو ململانێکانی ناوچەکە و خستنەگەڕی هەموو هەوڵێک بۆ دەستەبەرکردنی سەروەری و ئاسایش و سەقامگیریی عێراق لەسەر هەموو ئاستەکان، لە چوارچێوەی بەرپرسیارێتیی نیشتمانیی هەمەلایەنەدا.
PM:04:36:28/03/2026
ئهم بابهته 392
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت