دەستەی مافی مرۆڤ: داوا لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین چیتر سنووری هەرێمی کوردستان نەبەزێنێت


وێستگەنیوز-

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەرکۆنەی هێرشەکەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات.


​ئەمڕۆ سێشەممە 24ی ئاداری 2026، دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ رایگەیاند، "بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە دەکەین و بە بەزاندنی ئاشکرای سەروەریی خاک و سنوورەکانی دادەنێین، کە ئەمەش بە تەواوی پێچەوانەی بنەما نێودەوڵەتییەکان و مافی دراوسێیەتییە، هەرێمی کوردستان لە سەرەتای ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەوە پەیامی روونی هەبووە و هەمیشە فاکتەرێکی ئارامی بووە، نەبووەتە بەشێک لەو شەڕە و بەردەوام داوای ئاشتی و دیالۆگی کردووە".

ئاماژە بەوەدراوە، "بەئامانجگرتنی بێ پاساو بەداخەوە بەردەوام و بێ هیچ پاساوێک، هەرێمی کوردستان و هێزەکانی پێشمەرگە دەکرێنە ئامانج و زۆرجاریش خەڵکی مەدەنی دەبنە قوربانیی ئەم هێرشانە".

دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ داوا لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و حکومەتی فیدراڵیی عێراق دەکات، هەوڵەکانیان بخەنە گەڕ بۆ دوورخستنەوەی عێراق و هەرێمی کوردستان لە مەترسییەکانی ئەو جەنگە، هەروەها پێویستە ئەرکی پاراستنی خاک و خەڵکی هەرێمی کوردستان لە ئەستۆ بگرن و رێگە نەدەن خاکی هەرێم ببێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ململانێی وڵاتە شەڕکەرەکان.

هەروەها دەستەکە دەڵێت، "داوا لە دەوڵەتی کۆماری ئیسلامیی ئێران دەکەین چیتر سنووری هەرێمی کوردستان نەبەزێنێت، رێزی مافی دراوسێیەتی بگرێت و نەبێتە مایەی ترس و هەڕەشە بۆ سەر خەڵک و خاکی هەرێمی کوردستان".


PM:10:51:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 288 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت