نێچیرڤان بارزانی: هێرشە موشەکییەکەی ئێران هیچ پاساوێک هەڵناگرێت


وێستگەنیوز-

سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییەی ئێران بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە دەکات و دەڵێت ئەو هێرشە "هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە".

ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا بە توندی سەرکۆنەی هێرشە موشەکییە بالیستییەکەی ئێرانی کرد بۆ سەر بارەگاکانی هێزی پێشـمەرگە لە سنووری سۆران کە لە ئەنجامیدا، شەش پێشمەرگە شەهید بوون و 30ـی دیکەیش بریندار بوون.

لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەیدا سەرۆکی هەرێم پرسە و سەرەخۆشی قووڵی خۆی ئاراستەی بنەماڵە و کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکات و دەڵێت "هاوخەمیانین، هیوای چاکبوونەوەی خێراش بۆ برینداران دەخوازین".


بارزانی جەختی کردەوە، "هەرێمی کوردستان هەمیشە فاکتەری ئارامی و سەقامگیری بووە. ئێمە پابەندین بە سیاسەتی تێوەنەگلان و دوورکەوتنەوە لە ململانێکان، بە هیچ شێوەیەکیش هەڕەشە نین بۆ سەر ئاسایشی وڵاتانی دراوسێ".

سەرۆکی هەرێمی کوردستان هێرشە موشەکییە بالیستییەکەی ئێران، بە "دەستدرێژییەکی دوژمنکارانەی راستەوخۆ" بۆ سەر سەروەریی وڵات ناو دەبات و دووپاتی دەکاتەوە "هیچ پاساوێک هەڵناگرێت و تەواو پێچەوانەی بنەماکانی دراوسێیەتیی باشە".

هەروەها داوا لە حکومەتی عێراق و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات هەوڵەکانیان چڕتر بکەنەوە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی ئەم دەستدرێژییانە و پاراستنی سەروەریی خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان.


PM:02:25:24/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 272 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت