کەشناسی: شەپۆلێکی تەرزەباران و ئەگەری لافاو هەرێم دەگرێتەوە


وێستگەنیوز-

شارەزایەکی کەشناسی پێشبینی دەکات لە پاشنیوەڕۆی سبەینێ بە هۆی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور وە نزمەپاڵەپەستۆی کەنداو، شەپۆلێکی باران و تەرزە و ئەگەری لافاو روو لە هەرێم و عێراق دەکات.

ئاراس جەبار، شارەزای کەشناسی پێشبینی دەکات سبەی سێشەمە 24/3/2026 دووبارە لەئەنجامی زیادبوونەوەی کاریگەری نزمەپاڵەپەستۆی دەریای سوور وە نزمەپاڵەپەستۆی کەنداو، جارێکی دیکە ناجێگیری لەکەش و بەرگەهەوای ناوچەکەدا دروست ئەبێتەوە و لەکاتەکانی بەیانی بۆ نیوەرۆ هەورە بروسکە و بارانی بەخوڕ و تەرزە لە ناوچەکانی باشور و ناوەراست و رۆژهەڵاتی عێراق دەستپێدەکاتەوە و پاشان لەکاتەکانی دوای نیوەرۆ بەدواوە ناوچەکانی سنوری ئیدارەی گەرمیان و پارێزگای کەرکوک و سلێمانی و هەڵەبجەش ئەگرێتەوە.

هەروەها دەڵێت: کاریگەری ئەم شەپۆلە بۆ ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی راپەرین و سۆران بەگشتی لە رۆژی سێشەمەدا لاوازەبێت و ئەگەر هەیە لەهەندێ شوێن بارانێکی کەم بۆ مامناوەند ببارێت و پلەکانی گەرماش جێگیر ئەبن ، بۆ دوو سبەی رۆژی چوارشەمە 25/3/2026 شەپۆلەکە فراوانتر ئەبێت و بارانی باش و مامناوەندی پچر پچر سەرجەم ناوچەکانی سنوری پارێزگای دهۆک و هەولێر و ئیدارەی سۆران و راپەرین ئەگرێتەوە وە لەناوچەکانی سنوری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و کەرکوک و گەرمیان بەهێزتر ئەبێت و ناوبەناو تاوە بارانی بەخوڕ و هەورە بروسکە بەردەوامی ئەبێت و پاشان کاریگەری ئەو شەپۆلەش لەکاتەکانی ئێوارەی چوارشەمەوە بە تێپەرینی کات لاواز ئەبێت و کەش جێگیر ئەبێتەوە .

بەپێی ئەو پێشبینییە بڕی بارانبارین لەماوەی هەردوو رۆژی سێشەممە و چوارشەممە بەم جۆرە دەبێت:

سنوری پارێزگای سلێمانی 30 - 50 ملم

سنوری پارێزگای هەڵەبجە 20 - 30 ملم

سنوری پارێزگای کەرکوک 20 - 30 ملم

سنوری ئیدارەی گەرمیان 30 - 40 ملم

سنوری پارێزگای هەولێر 10 - 20 ملم

سنوری پارێزگای دهۆک 5 - 10 ملم

سنوری ئیدارەی سۆران و راپەرین 15 - 25 ملم

ئاراس جەبار بۆ رۆژی پێنجشەمە 26/3/2026 پێشبینی دەکات: نزمەپاڵەپەستۆیەکی بەهێز و قوڵ لەسەر ناوچەکانی ناوەراست و رۆژئاوای عێراق دروستببێت کە وەک ئەوەی ئێستا دیارە لەسەر نەخشەکان کارەسات و لافاو و بای بەهێزی لێچاوەروان دەکرێت بۆ پارێزگاکانی ناوەراست و باکوری پارێزگای ئەنبار ، ئەم نزمەپاڵەپەستۆیە کاریگەری بۆ سەر ناوچەکانی هەرێمی کوردستانیش ئەبێت.

دەشڵیت: لە ئێوارەی پێنجشەمەوە بۆ رۆژی هەینی بە بارانی بەخوڕ و تەرزە و هەورە بروسکە و چالاکبوونی با و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما بەڵام وەک ئەوەی ئێستا دیارە بەو شێوەیە توند و مەترسیدار نابێت بۆ سەر هەرێمی کوردستان هەر چەندە گۆرانکاری لە ئارادا ئەبێت .


AM:11:25:23/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 732 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت