وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان چەند رێنماییەک بڵاودەکاتەوە
وێستگەنیوز-
وەزارەتی رۆشنبیری و لاوان لە راگەیەنراوێکدا چەند
رێنماییەک ئاراستەی دەزگاکانی راگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان دەکات.
لە رێنماییەکەدا کە چەندین بەش لەخۆ دەگرێت، داوا لە
میدیاکاران دەکات "پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم
بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی".
دەقی راگەیەنراوەکە:
بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان
بابەت: ڕێنمایی فەرمی
بۆ ڕووماڵی میدیایی لە بارودۆخی نائاساییدا
سەرەتا بەبۆنەی هاتنی جەژنی نەتەوەیی نەورۆز و جەژنی ڕەمەزانی
پیرۆز، پیرۆزبایی لەتەواوی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و ڕاگەیاندنکارانی هەرێمی کوردستان
دەکەین و خوازیارین لەم بارودۆخە نەخوازراوەدا هەموو لایەک پارێزراوبن.
جێگەی خۆیەتی لەم بۆنەیەداو بەهۆی
هەستیاریی دۆخی ناوچەکە و پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی هەرێمی کوردستان، جارێکی
تر داوا لە سەرجەم دامەزراوەکانی ڕاگەیاندن، ڕۆژنامەنووسان و چالاکانی سۆشیال میدیا
دەکەین پابەندی ئەم خاڵانەی خوارەوە بن:
بەرپرسیارێتی نیشتمانی:
پێویستە گوتاری میدیایی ئاوێتەی ستراتیژی ئاشتیخوازیی هەرێم
بێت و ڕێگە نەدرێت کەناڵەکان ببنە سەکۆیەک بۆ هەڕەشە لەسەر ئاسایشی نیشتمانی.
سەرچاوەی زانیاری:
تەنیا پشت بە زانیاری و لێدوانی فەرمی گوتەبێژانی دامەزراوە
ئەمنییەکان ببەسترێت؛ خۆتان لە بڵاوکردنەوەی هەواڵی چەواشەکار و بێبنەما بپارێزن.
ڕووماڵی شوێنی ڕووداو:
بڵاوکردنەوەی دەستبەجێی وێنە و ڤیدیۆی شوێنە ئەمنییەکان قەدەغەیە.
نابێت میدیا ببێتە هۆی کۆبوونەوەی خەڵک و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتیان.
بەرپرسیارێتی یاسایی لە
وەرگێڕان: وەرگێڕانی پەیامی ژەهراوی و شێوێندراوی میدیا بیانییەکان، بڵاوکار لە بەرپرسیارێتی
یاسایی نابەخشێت.
پاراستنی نهێنییەکان:
بڵاوکردنەوەی هەر زانیارییەکی وردی سەربازی و ئەمنی کە سەقامگیری
کۆمەڵگە بخاتە مەترسییەوە، بە توندی قەدەغەیە.
ڕێزگرتن لە حەرەمی ماڵ
و تاک:
لە کاتی هەر ڕووداوێکی نەخوازراودا (وەک کەوتنەخوارەوەی درۆن
یان موشەک)، نابێت کێبڕکێ لەسەر پەخشی ڕاستەوخۆ و شکاندنی شکۆی خێزانە زیانبەرکەوتووەکان
بکرێت.
داواکارین هەموو لایەک
بە هەستی بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بکەن بۆ پاراستنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و سیاسی هەرێمی
کوردستان.
وەزارەتی ڕۆشنبیری و لاوان
19ی ئازاری 2026
PM:05:15:19/03/2026
ئهم بابهته 92
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت