فەرمانگەی میدیا و زانیاریی: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە
وێستگەنیوز-
فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رێنمایی دەزگاکانی راگەیاندن دەکات خۆیان بەدوور بگرن لە بڵاوکردەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات.
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، فەرمانگەی میدیا و زانیاریی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، بەهۆی ئەو بارودۆخە ئەمنی و هەستیارەی هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێیدا تێپەڕ دەبێت و لەپێناو پاراستنی ئاسایشی نیشتمانی و سەقامگیریی هەرێم، فەرمانگەی میدیا و زانیاری ئەم ڕێنمایی و هۆشدارییە کۆتاییانە ئاراستەی سەرجەم دەزگاکانی راگەیاندن (ناوخۆیی و بیانی) دەکات:
یەکەم: بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە زانیاری و نهێنییەکی سەربازی کە خزمەت بە نەیارانی کوردستان بکات و زیان بە ئاسایشی هەرێم بگەیەنێت، بە هەموو شێوەیەک قەدەغەیە.
دووەم: وێنەگرتن یان بڵاوکردنەوەی دیمەنی تێکشاندنی درۆنەکان لە ئاسماندا یان پیشاندانی پاشماوەکانیان قەدەغەیە، چونکە زانیاریی تەکنیکی و مەیدانیی هەستیار دەدات بە دوژمن.
سێیەم: دەرخستنی شوێنە بەئامانجگیراوەکان یان وێنەگرتنی دامەزراوە سیادی و ئەمنییەکان دەستبەجێ دوای ڕووداوەکان قەدەغەیە.
چوارەم: هۆشداری دەدەین کە هەر دەزگایەکی ڕاگەیاندن پابەندی ئەم ڕێنماییانە نەبێت یان بە شێوازێکی ناپیشەیی ڕووماڵی هەواڵەکانی شەڕ و پەلامارەکان بکات، دەستبەجێ لە لایەن دژەتیرۆری کوردستانـەوە ڕووبەڕووی لێپیچینەوە و سزای یاسایی دەبێتەوە.
پێنجەم: بەرامبەر سەرپێچیکاران، ڕێکاری یاسایی و کارگێڕیی توند دەگیرێتە بەر، کە دەگاتە کێشانەوەی مۆڵەتی کارکردن یان داخستنی هەمیشەیی، بەپێی ڕاگەیەندراوی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە 13ی ئاداری 2026.
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەشدا فەرمانگەی میدیا و زانیاریی داوا لە سەرجەم میدیاکاران دەکات، بەرژەوەندییە باڵاکان لەبەرچاو بگرن و بەوپەڕی بەرپرسیارەتییەوە مامەڵە بکەن.
PM:03:01:18/03/2026
ئهم بابهته 432
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت