سەنتەری میترۆ: پێویستە رێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەک یەک بێت و سڵ نەكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بۆ هیچ كەناڵێك
وێستگەنیوز-
سەنتەری میترۆ لەبارەی روماڵکردنی هێرشەکان بۆ سەر هەرێمی کوردستان لەلایەن میدیاکانەوە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك".
ئەمڕۆ چوارشەممە 18ی ئاداری 2026، سەنتەری میترۆ رایگەیاند، "شەوی رابردوو زۆربەی كەناڵەكانی بینراو لە هەرێمی كوردستان روماڵی هێرشە تیرۆریستییەكانی بۆ سەر هەرێمی كوردستان دەكرد، بە وریاییەوە مامەڵەیان دەكرد، پابەندبوون بە رینماییەكانی حكومەت لەم جۆرە روماڵە هەستیارانەدا".
ئاماژە بەوەکراوە، "سەنتەری میترۆ دەیان ڤیدۆی لەلایەن هاوڵاتییان پێگەیشتووە داوای راوبۆچوونمان دەكەن، هەروەها رۆژنامەنووسانیش دەپرسن، ئەم جۆرە روماڵە بۆچی بۆ كەناڵێكی مۆر هەبێت و بۆ كەناڵێكی سور و پرتەقاڵی و سەوز و شین و قاوەیی نەبێت، بۆچی پەیامنێرەكەیان لەهەولێر ناتوانێت هەمان جۆری روماڵی پەیامنێرەكەی سلێمانی بكات، بۆ لەوێ رێز لە رێنماییەكان دەگرێت لە سلێمانی پێشێلی دەكات؟"
سەنتەری میترۆ رایدەگەیەنێت، "لەم بارودۆخە پڕ مەترسی و پڕ لە تەحدایەدا، پێشینە بۆ ئەمنییەتی هاوڵاتییان و پاراستنی هەرێمی كوردستانە لە هەڕەشەی تیرۆریستان، بۆ ئەمەش داوای ئەوپەڕی دیسپلینی پیشەیی لە رۆژنامەنووسان دەكەین".
سەنتەری میترۆ دەڵێت، "نیگەرانین لە دوو فاقی راگەیاندن لەگەڵ شوێنی رووداوەكان، كە بێباكن لەبەرامبەر ئەمنییەتی شارێك و روماڵەكانیان ناپیشەیین و بەناوی خستنە رووی زانیاری، كە دەكرێت بە شێوەیەك بڵاوبكرێتەوە، نەبێتە مایەی پەشێوی نائارامی، كەچی بوون بە سەرچاوەی بەرهەمهێنانی ترس و تۆقاندن".
سەنتەری میترۆ وێڕای تێبینییەكانی لەسەر رێنماییەكان، جەختدەكاتەوە، "پێویستە دەزگا پەیوەندیدارەكان جیاوازی نەكەن لە نێوان هیچ دەزگایەك، رێنمایی وەزارەت و دەزگا پەیوەندیدارەكان بۆ هەمووان وەك یەك لابێت و سڵ نەكەنەوە لە جێبەجێكردنی رێنماییەكان بەسەر هیچ كەناڵێك".
PM:12:44:18/03/2026
ئهم بابهته 340
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت