قوباد تاڵه‌بانی: ئێستا كه شه‌ڕ ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌ركی هه‌موومانه نیشتمانه‌كه‌مان له مه‌ترسی بپارێزین
وێستگه‌نیوز –
جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان رایگه‌یاند كه ئێستا كه شه‌ڕ و ئاڵۆزی سه‌رتاپای ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه نیشتمانه‌كه‌مان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان بپارێزین، ده‌شڵێت: "هه‌ڵه‌بجه سیمبولی بێ كه‌سی و خۆڕاگریی كورده".
قوباد تاڵه‌بانی جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی هه‌رێمی كوردستان له په‌یامێكدا له ساڵیادی كیمیابارانكردنی هه‌ڵه‌بجه نووسیویه‌تی:
*هه‌موو ساڵێك كه له رۆژی 16/3، یادی كاره‌ساتی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ینه‌وه، بۆ چركه‌ساتێك كورتكراوهیهك له هه‌موو مێژووی كورد دێته‌وه بیر و خه‌یاڵمان. چونكه هه‌ڵه‌بجه سیمبولی ستهملێكراویی گه‌لی كورده، كه به درێژایی مێژوو سته‌می لێ كراوه و هه‌وڵی له‌ناوبردن و سڕینه‌وه‌ی دراوه.
* سیمبولی خۆڕاگریی كورده به‌و مانایه‌ی نه كیمیاباران و نه قڕكردن و نه بۆردومان و نه هیچ هه‌وڵێكی دڕندانه و دوژمنكارانه‌ی دیكه ئیراده‌ی گه‌لی كورد تێكناشكێنێت و كورد ته‌سلیمی ئیراده‌ی كه‌س نابێت و بۆ ساتێكیش له هه‌وڵ و تێكۆشان بۆ به‌دیهێنانی مافه‌كانی ناوه‌ستێت.
* سیمبولی بێ كه‌سییه، وه‌كچۆن كاتی خۆی له ئاست ئه‌و كاره‌ساته مه‌زنه‌دا جیهان مت و بێده‌نگ بوو. هه‌ڵه‌بجه بیرمان ده‌خاته‌وه كه دۆستایه‌تیی هه‌موو جیهان بكه‌ین، به‌ڵام دواجار به‌س خۆمان كه‌سی یه‌كتر و پشتوپه‌نای یه‌كترین.
* هه‌ڵه‌بجه سیمبولی ئاشتی و بیری ئاشتیخوازانه‌ی كورده، له خۆڕانییه كه ئێستا پایته‌ختی ئاشتیی كوردستانه، سه‌رباری ئه‌و كاره‌ساته گه‌وره‌یه و ئه‌و هه‌موو سته‌مه كورد بیر له تۆڵه ناكاته‌وه و رێگه‌ی ئاشتی گرتووه‌ته‌به‌ر بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانی.
*ئێستاش كه یادی 38مین ساڵیادی كیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه ده‌كه‌ینه‌وه و شه‌ڕ و ئاڵۆزی سه‌رتاپای ناوچه‌كه‌ی گرتووه‌ته‌وه، ئه‌ركی هه‌موو لایه‌كمانه یه‌كگرتووانه هه‌وڵ بۆ پاراستنی نیشتمانه‌كه‌مان له هه‌ڕه‌شه و مه‌ترسییه‌كان بده‌ین و له هه‌مان كاتیش‌دا په‌یامی ئاشتیی هه‌ڵه‌بجه و ئاشتیخوازیی كورد به هه‌موو لایه‌ك بگه‌یه‌نین.
PM:08:33:16/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 292
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت