حزبی شیوعی کوردستان: لەم قۆناغەدا پێویستمان بە گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە هەیە لەپێناو پاراستنی ژیان و پێداویستییەكانی هاوڵاتییان


وێستگەنیوز-

كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان رایدەگەیەنێت، ئەوەی لەئێستادا دەگوزەرێت دەرئەنجامی هەڵكشانی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانییە، ئەو شەڕەی یەخەی ناوچەكەی گرتووە، بەشێكە لە شەڕی نێودەوڵەتی، ئاماژە بەوەشکراوە، لەم قۆناغەدا پێویستمان بە گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە هەیە لەپێناو پاراستنی ژیان و پێداویستییەكانی هاوڵاتییان.


ئەمڕۆ یەکشەممە 15ی ئاداری 2026، لە راگەیەندراوێکدا كۆمیتەی ناوەندیی حزبی شیوعیی كوردستان رایگەیاند، "ئەوەی دەگوزەرێت دەرئەنجامی هەڵكشانی قەیرانی سەرمایەداریی جیهانییە، ئەو شەڕەی یەخەی ناوچەكەی گرتووە، بەشێكە لە شەڕی نێودەوڵەتی و ناوچەیی وەك دەرئەنجامی گۆڕانكارییەكان لە هاوسەنگیی هێز لەپێناو سەرلەنوێ داڕشتنەوەی نەخشەی سیاسیی ناوچەكە، هەروەها هیچ پەیوەندییەكی بە پرسەكانی مافی گەلان و مافەكانی مرۆڤەوە نییە، بەڵكو بۆ هەژموون و كۆنتڕۆڵكردنی سەرچاوەكانی وزەیە، لەم سۆنگەیەوە، حزبی شیوعیی كوردستان ئیدانەی دەكات و دژی شەڕ و توندوتیژییەكانە".

حزبی شیوعی کوردستان پێی وایە، گۆڕانكاریی ڕاستەقینەو هێنانەدی حوكمڕانییەكی دیموكراسییانە، دەبێت لە ئەنجامی تێكۆشان و ئیرادەی ناوخۆیی و خستنەڕووی پڕۆژەی جێگرەوە بێت. ڕاشیدەگەیەنن: بەبێ چارەسەركردنی پرسی مافە سیاسییەكانی گەلی كورد لە ڕۆژهەڵات، بەدیهێنانی مافەكانی گەلانی ئێران و چارەسەركردنی قەیرانە ناوخۆییەكان، هیچ ڕێچارەیەكی تر نییە، ڕێگەی توندوتیژی و نكۆڵیكردن دەمێكە شكستی هێناوە و تاقی كراوەتەوە، كە یەكێكیشە لە هۆكارەكانی بارگرژییەكانی ئەمڕۆ.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتووە، "لێكەوتەكانی شەڕ بوونەتە هۆی ململانێی خۆپڕچەككردن لەسەر حیسابی بودجەی گشتی و مافەكانی هاوڵاتییان، لە لایەكی تریشەوە، بووەتە هۆی كوژران و برینداربوونی سەدان كەس، تا دێتیش قورساییەكانی شەڕ لەسەر ژیانی هاوڵاتییان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و كاڵاكانی تر زیاتر دەبێت".

كۆمیتەی ناوەندی سەركۆنەی دەستدرێژییەكانی سەر هەرێمی كوردستان بەهۆی بەردەوامیی هێرشی مووشەك و درۆنەكان دەكات كە بۆتە هۆی زیانی مادی و گیانی دەڵێت، "ئەركی حكومەتی عێراقە سنوورەكانی بپارێزێت و ڕێگە بە هیچ گرووپ و دەوڵەتێك نەدات سەروەریی خاكی عێراق و هەرێمی كوردستان پێشێل بكات".

هەروەها کۆمیتەی ناوەندی حزبی شیوعی هێزە دەسەڵاتدارەكانی هەرێم بە بەرپرس دەزانێت لە چارەسەرنەكردنی بنەڕەتیی پرسی مووچە و قەیرانە ناوخۆییەكان، هاوكات زیادكردنی باج، بەتایبەتكردنی كەرتە گشتییەكان، گرانكردنی خزمەتگوزارییە سەرەكییەكان لە نێویشیان نرخی كارەباو لە لایەكی تریشەوە بەردەوامیدان بە پەكخستنی دامەزراوەكان و پەرلەمانی كوردستان.

دەشڵێن، "بە ڕاشكاوی ڕایدەگەیەنین، لەم قۆناغەدا پێویستمان بە گۆڕانكاری و چاكسازیی ڕاستەقینە هەیە لەپێناو پاراستنی ژیان و پێداویستییەكانی هاوڵاتییان و ئەزموونی هەرێمی كوردستانیش، ئەمەش بەبێ گفتوگۆیەكی نیشتمانی و ئیرادەیەكی سیاسیی كوردستانی نایەتە دی".


PM:03:49:15/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 112 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو