بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ: سوپاسی دەزگای وێستگەنیوز دەکەین کە دەرفەتی بۆ خانمانی رۆژنامەنووس رەخساندووە


وێستگەنیوز-
 بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ پیرۆزبایی لەو چوار ژنە رۆژنامەنووسە دەکات کە پۆستیان پێدراوە لە دەزگای وێستگەنیوز و دەڵێت، "ئەم هەنگاوەی وێستگەنیوز گرنگە".

دیاری محەمەد، بەڕێوەبەری سەنتەری میترۆ لە پەیامێکیدا بۆ وێستگەنیوز راگەیاند، "بەناوی سەنتەری میترۆوە پیرۆزبایی لەو چوار ژنە میدیاکارە دەکەین کە لە دەزگای وێستگەنیوز ئەو پۆستانەیان وەرگرتووە، دڵنیاین لەوەی تواناکانیان و ئەزموونیان وادەکەن بە سەرکەتووی کارەکانیان بکەن".

ئاماژەی بەوەکرد، "سوپاسی بەڕێوەبەری دەزگای وێستگەنیوز دەکەین کە ئەم دەرفەتەی بۆ ئەو خانمانە فەراهەم کردووە، چونکە لە میدیای کوردی بەداخەوە سەرەڕای بوونی ژن لە ناوەندی میدیاکان و کاری رۆژنامەنووسیدا، بەڵام بەردەوام لە ناوەندەکانی بڕیاردان و پۆستە باڵاکاندا رێژەی ژنان زۆر کەمە".

دیاری محەمەد وتی، "ئەم هەنگاوەی وێستگەنیوز هەنگاوێکی گرنگە و ئێمە وەک سەنتەری میترۆ پاڵپشتی خۆمان بۆ ئەم هەنگاوە دەردەبڕین و داواکاریشین لە دامەزراوە میدیایەکانی دیکە چاو لەم هەنگاوەی وێستگەنیوز بکەن و بەڕێوەبەرانی دامەزراوە میدیاکان رێگە بە ژنانی رۆژنامەنووس بدەن بێنە پێشەوە و پۆستی باڵایان پێ بدرێت، دووبارە دەستخۆشی لە وێستگەنیوز دەکەین بۆ ئەم بڕیارەی کە داویەتی و هیوای سەرکەوتنیش بۆ ئەو خانمە رۆژنامەنووسانە دەخوازین".

رێکخراوی خەڵك بۆ گەشەپێدان: پیرۆزبایی لەم چوار خانمە راگەیاندکارە ئازیزە دەکەین بۆ دەستبەکاربوونیان لە وەرگرتنی پۆستە باڵاکانی دامەزراوەی میدیایی وێستگەنیوز، ئێمە ئەم گۆڕانکارییە بە هەنگاوێکی گرنگ دەزانین و هەمان کات هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین، بەو هیوایەی بتوانن زمانحاڵی پرسەکانی ژنان بن و ببنە بڵنگۆیەکی بەهێز بۆ گرنگیدانی خەباتی ژنان و نیشاندانی هەوڵەکانی بزووتنەوەی ژنان لە کوردستان.

رۆژی چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، بەپێی نووسراوێکی سەرۆکی  دامەزراوەی میدیایی وێستگەنیوز، چوار رۆژنامەنووسی ژن پۆستە ڕۆژنامەوانییەکانی وێستگەنیوزیان وەرگرت بەمشێوەیەی خوارەوە:

لەنیا بەختیار - سەرنووسەری وێستگەنیوز / دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن لقی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی سلێمانی- دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی CIS لوبنانی نێودەوڵەتی.

ئاڵا ئەحمەد -  بەڕێوبەری وێستگەکڵاس / دەرچووی بەشی فەلسەفە زانکۆی ڕاپەرین.

سازگار ئەحمەد - ڕێکخەری ژووری هەواڵ / دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.

سۆلین عوسمان - سەرپەرشتیاری وێستگە ستایل / دەرچووی بەشی زمانی عەرەب لە زانکۆی سلێمانی.

سیروان غەریب، سەرۆکی دامەزراوەی وێستگەنیوز رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە پەیوەندی بەتواناکانی ئەم خانمانەوە هەیە، کەتوانیویانە لەکارەکانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و جێگەی دەستیان دیاربێت و هەموو ئەندامانی دەزگاکەش گۆڕانکارییەکانیان پێ قبوڵەو پاڵپشتی بڕیارەکە دەکەن".


PM:12:59:14/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 72 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو