قوباد تاڵەبانی: زۆر خۆشحاڵبووم کە چوار رۆژنامەنووسی ژن لە وێستگەنیوز بەرپرسیارێتی گرنگیان وەرگرتووە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان پەیامێکی ئاڕاستەی هەریەک لە لەنیا بەختیار، ئاڵا ئیبراهیم، سازگار ئەحمەد و سۆلین عوسمان کرد و رایگەیاند، "زۆر خۆشحاڵ بووم کە ئێوە وەک چوار رۆژنامەنووسی ژن لە وێستگەنیوز بەرپرسیارێتی گرنگتان وەرگرتووە، بەتایبەت لەنیا خان کە بووەتە سەرنووسەری وێستگەنیوز".
ئاماژەی بەوەکرد، "بەم بۆنەیەوە لە قوڵایی دڵمەوە گەرمترین پیرۆزباییتان ئاراستە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی زیاترتان بۆ دەخوازم، چونکە بەهێزبوونی پێگەی ژنان، پێگەی هەرێمی کوردستان بەهێز دەکات، ئەمەش ئامانج و روئیای ئێمەیە بۆ کۆمەڵگەی کوردستان".
دوێنێ چوارشەممە 11ی ئاداری 2026، بەپێی نووسراوێکی سەرۆکی دامەزراوەی میدیایی وێستگەنیوز، چوار رۆژنامەنووسی ژن پۆستە ڕۆژنامەوانییەکانی وێستگەنیوزیان وەرگرت بەمشێوەیەی خوارەوە:
لەنیا بەختیار - سەرنووسەری وێستگەنیوز / دەرچووی بەشی ڕاگەیاندن لقی پەیوەندییە گشتییەکانی زانکۆی سلێمانی- دەرچووی بەشی زمانی ئینگلیزی لە کۆلێژی CIS لوبنانی نێودەوڵەتی.
ئاڵا ئەحمەد - بەڕێوبەری وێستگەکڵاس / دەرچووی بەشی فەلسەفە زانکۆی ڕاپەرین.
سازگار ئەحمەد - ڕێکخەری ژووری هەواڵ / دەرچووی بەشی ڕاگەیاندنی زانکۆی سلێمانی.
سۆلین عوسمان - سەرپەرشتیاری وێستگە ستایل / دەرچووی بەشی زمانی عەرەب لە زانکۆی سلێمانی.
سیروان غەریب، سەرۆکی دامەزراوەی وێستگەنیوز رایگەیاند، "ئەم هەنگاوە پەیوەندی بەتواناکانی ئەم خانمانەوە هەیە، کەتوانیویانە لەکارەکانیان سەرکەوتن بەدەست بهێنن و جێگەی دەستیان دیاربێت و هەموو ئەندامانی دەزگاکەش گۆڕانکارییەکانیان پێ قبوڵەو پاڵپشتی بڕیارەکە دەکەن".
PM:07:48:12/03/2026
ئهم بابهته 112
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت