تۆم باراک بۆ مەسعود بارزانی: لەم دۆخە ئالۆزەدا هاوکاری هەرێمی کوردستان دەبین


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ پێنجشەممە 12ی ئاداری 2026، پەیوەندییەكی تەلەفۆنی لە نێوان مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و تۆم باراك، نوێنەری سەرۆکی ئەمریکا بۆ كاروباری سوریا و باڵیۆزی ئەمەریكا لە توركیا ئەنجام درا.


بارەگای بارزانی بڵاویکردەوە، لەو پەیوەندییە تەلەفۆنییەدا تۆم باراك سڵاو و ڕێزی سەرۆکی ئەمریکای بە مەسعود بارزانی گەیاند و سوپاسی ڕۆڵی مەسعود بارزانی کرد کە هەمیشە بە سەرکردایەتییەکی حەکیمانە ئیدارەی سیاسەت و پاراستنی ئاسایشی ناوچەکەی کردووە رایگەیاند، "ئەمەریکا هەمیشە وەک هاوپەیمان و دۆست سەیری هەرێمی کوردستان دەکات و بەردەوام دەبن لەسەر هەماهەنگیان لەگەڵ هەرێمی کوردستان".

هەروەها نوێنەری سەرۆكی ئەمەریكا جەختی لەوە کردەوە کە بۆ ئەمەریکا هەرێمی کوردستان و عێراق پێگەیەکی گرنگی ناوچەکەن و ئەوان هاوکار دەبن کە لەم دۆخە ئاڵۆزەی ئێستای ناوچەکە کێشەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵی عێراق چارەسەر بکرێن بە جۆرێک کە لە بەرژەوەندی هەردوولا بێت لە هەموو بوارەکاندا.

بە هەمان شێوە، مەسعود بارزانی سوپاسی سەرۆکی ئەمریکای کرد و ڕێز و پێزانینی خۆی بۆی دەربڕی و سوپاسی تۆم باراکی کرد بۆ رۆڵە کاریگەرەکەی.

مەسعود بارزانی جەختی لەوە کردەوە، هەرێمی کوردستان هەمیشە خوازیاری سەقامگیری و ئارامییە بۆ تەواوی ناوچەکە و گەلی کوردستان هەمیشە باوەڕی بە دیموکراسیەت و پێکەوەژیان و گفتوگۆ هەیە و رایگەیاند، "کە ئێمە هەمیشە بەشێک بووین لە چارەسەر و هەرگیز بەشێک نەبوون و نابین لە هیچ کێشە و ئاڵۆزییەک".

هەروەها مەسعود بارزانی ئاماژەی بەو هێرش و پەلامارە ناڕەوایانە دا کە لەلایەن هەندێ هێزی بەدەر لە یاسا دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان.

هەردوولا هاوڕا بوون کە پێویستە هەرێمی کوردستان و عێراق بەدوور بگیرێن لەم شەڕە و پارێزراو بن.


PM:07:29:12/03/2026


ئه‌م بابه‌ته 236 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو