کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنی بەڕێوەچوو و جەخت لە پاراستنی ئارامیی هەرێمی کوردستان کرایەوە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان و فەرماندەی گشتیی هێزەکانی پێشمەرگە له سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستان، بە ئامادەبوونی شێخ جەعفەر شێخ مستەفا، جێگری سەرۆك، سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی باڵای سەربازی و ئەمنیی کرد کە تێیدا وەزیری پێشمەرگە، وەزیری ناوخۆ، سوپاسالاری پێشمەرگە و فەرماندە باڵاکانی هێزی پێشمەرگە ئامادەی بوون.
بەپێی راگەیەندراوی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان بێت، لە کۆبوونەوەکەدا بە وردی تیشک خرایە سەر دوایین پەرەسەندنە ئەمنییەکانی ناوچەکە و لێکەوتەکانی شەڕ و کاریگەرییە مەترسیدارەکانی بۆ سەر هەرێمی کوردستان، هه‌روه‌ها چه‌ندين بڕيار و ڕێنمايى بۆ پته‌وكردنى پاراستنى ئاسايش و ئاراميى هه‌رێمى كوردستان و چۆنيه‌تيى مامه‌ڵه‌كردنى ده‌زگاكانى ڕاگه‌ياندن له‌گه‌ڵ ڕووداو و پێشهاته‌كاندا ده‌رچوون.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هیچ شێوەیەک نابێتە بەشێک لە شەڕ و ململانێکان و پاراستنی ئارامیی وڵات لە پێشینەی کارەکان دەبێت، هەر لەو چوارچێوەیەدا جەختى کرده‌وه، به هيچ شێوه‌يه‌ك ڕێگە نادرێت خاکی هەرێمی کوردستان ببێتە سەرچاوەی هەڕەشە و مەترسی بۆ سەر کۆماری ئیسلامیی ئێران یان هەر وڵاتێکی ديكه‌ی دراوسێ.
لە تەوەرێکی دیکەدا، بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هێرشە تێکدەرانە کرا کە لەلایەن گرووپە لەیاسا دەرچووەکانی عێراقەوە بە درۆن و مووشەک دەکرێنە سەر هەرێمی کوردستان و زيانى گيانى و ماڵييان لێ كه‌وتووه‌ته‌وه.
له‌مباره‌یەوه جه‌خت كرايه‌وه كه حکومەتی فیدراڵیی عێراق بەرپرسیاره له‌وه‌ى ئه‌ركى خۆی جێبەجێ بکات بۆ رێگریکردن لەو هێرشانە و دۆزینەوە و سزادانی ئەنجامدەرانی، چونکە ئەم پەلامارانە پێشێلکارییەکی ڕوونی سەروەریی وڵاتن و هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی گشتی.
لە کۆبوونەوەکەدا، هاوسۆزى و هاوخه‌مى لەگەڵ خێزان و بنه‌ماڵه‌ى شەهید و بريندارانى هێرشه‌كانى سه‌ر هه‌رێمى كوردستان دووپات كرايه‌وه، هەروەها دەستخۆشی لە هێزەکانی پێشمەرگە و دامەزراوە ئەمنییەکان کرا بۆ ماندووبوون و شەونخونییان لەپێناو پاراستنی خاک و خەڵکی کوردستان.
PM:03:33:10/03/2026
ئه‌م بابه‌ته 164
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت