یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هەرێم: سەرجەم دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە
وێستگەنیوز-
یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە چەند رۆژی داهاتوودا هەموو دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران دەکرێنەوە.
ئەمڕۆ سێشەممە 10ی ئاداری 2026، یەکێتیی هاوردە و ناردنکارانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە چەند رۆژی رابردوودا لە نێوان کۆماری ئیسلامیی ئێران و وڵاتانی ئەمریکا و ئیسرائیل دروست بوون، دەروازە سنوورییەکانی نێوان هەرێم و ئێران داخران، تەنیا دەروازەی باشماخ بە کراوەیی مابووەوە، بەڵام لە ئێستادا بڕیاری کردنەوەی دەروازە داخراوەکانیش دراوە".
ئاماژە بەوەکراوە، "رۆژی 8ی ئاداری 2026، دەروازەی شوشمێ لە تەوێڵە کرایەوە، هەروەها سەرلەئێوارەی 9ی ئاداری 2026، دەروازەی سەیرانبەنیش بەڕووی بازرگانیدا کرایەوە".
یەکێتیی هاوردە و ناردنکاران روونیشیکردەوە، "لەئێستادا لە دەروازەی باشماخەوە رۆژانە 500 بارهەڵگر لە باری ترانزێت و کاڵای ئێرانی دێنە ناوەوە و رێژەکەش لە زیادبووندایە".
ئەوەشخراوەتەڕوو، "بارەکانی ئێران زۆربەیان لە خواردەمەنی پێکهاتوون، وەک سەوزە، میوە، شیرەمەنی، جۆرەکانی خواردنەوەی غازی، شەربەت، نەستەلە و بسکیت، لەگەڵ چەندین کاڵای تر پێش دروستبوونی گرژییەکان هاوردە دەکران".
لە کۆتایی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، "چاوەڕوان دەکرێت لە رۆژانی داهاتوودا هەردوو دەروازەی حاجی ئۆمەران و پەروێزخانیش بکرێنەوە و دۆخەکە بە تەواوی ئاسایی ببێتەوە".
PM:01:49:10/03/2026
ئهم بابهته 124
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت