شاناز ئیبراهیم ئەحمەد: واز لەگەلی کورد بهێنن، داردەستی کەس نابین
وێستگەنیوز-
خانمی یەکەمی عێراق رایدەگەیەنێت، واز لەگەلی کورد بهێنن، ئاماژە بەوەشدەکات، ئەزموونەکانی پێشوو و بەڵێنەکان شاهیدن زۆربەی کات کە پێویستی بەهێز و قوربانیدان دەبێت پەنا بۆ کورد دەبرێت.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 5ی ئاداری 2026، نووسینگەی خانمی یەکەمی کۆماری عێراق، پەیامی شاناز ئیبراهیم ئەحمەد، خانمی یەکەمی عێراقی بۆ یادی راپەڕین بڵاوکردەوە کە تیادا هاتووە، "لەساڵی 1991دا هانی گەلی کورد درا بۆ ڕاپەڕین دژی رژێمی سەدام حسێن، بەڵام رووبەڕووی چارەنووسی خۆیان کرانەوە کە کەینوبەینەکە گۆڕا ! و کەس بەرگری لێ نەکردین کاتێک کۆپتەری جەنگیی و تانک بۆ رووبەڕوبونەوەی ڕاپەڕین بەکارهات, هێشتا ئەو یادەوەرییانە لەبیر و هۆشماندا ماوە، ئەمڕۆ یادی ئەو سەردەمەی ڕاپەڕین دەکەینەوە و لە بیری ناکەین کە چی لێوە فێربووین".
ئاماژەی بەوەکردووە، "بەم دوواییانە بینیمان چی بەسەر باکووری رۆژهەڵاتی سوریا یان رۆژئاڤا هات، دوای ئەو هەموو بەڵێنانەی بە کوردانی ئەوێ دران و چۆن لەریزی پێشەوەی بەگژداچوونەوە و جەنگ دژی داعش وەستانەوە، بینیمان لە کۆتاییدا چۆن مامەڵە کران".
خانمی یەکەمی عێراق دەڵێت، "ئەمڕۆش، دواجار گەلی کورد لە عێراق چێژی سەقامگیری و شکۆمەندی کرد. لەبەر ئەم هۆکارە، سەختە، بگرە مەحاڵە، کورد قبووڵی بکات کە ببێتە دەستکەلای هێزە زەبەلاحەکانی جیهان".
دەشڵێت، "ئەزموونەکانی پێشوو و بەڵێنەکان شاهیدن، زۆربەی کات کە پێویستی بەهێز و قوربانیدان دەبێت پەنا بۆ کورد دەبرێت، بۆیە داوا لە هەموو لایەنە بەشەڕهاتووەکان دەکەم، واز لەگەلی کورد بهێنن، ئێمە داردەستی کەس نابین".
PM:05:29:05/03/2026
ئهم بابهته 300
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت