کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داواکاری ئاراستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات
وێستگەنیوز-
کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی لەبارەی بەرزی نرخی عەلەفەوە داواکارییەک ئاڕاستەی حکومەت و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکات.
نازم عەبدوڵڵا جاف، سەرۆکی کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکانی سلێمانی رایگەیاند، "لە ماوەی رابردوودا بەهۆی دابەزینی بەردەوامی نرخی مریشکی زیندوو لە ناو هۆڵەکانی بەرهەمهێنان، خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان رووبەڕووی قەیرانێکی ئابووری بوونەتەوە، لەم کاتەدا نرخی مریشک ڕوو لە دابەزینە، نرخی خواردنی مریشک (عەلەف) لە کارگەکانی دروستکردنی عەلەف بەردەوام روو لە گرانبوونە".
ئاماژەی بەوەکرد، "لەبەر ئەم دۆخە ئێمە وەک کۆمەڵەی کێڵگە پەلەوەرییەکان داواکاری خۆمان ئاراستەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکان، بە تایبەتی دەزگاکانی چاودێریکردنی بازاڕ، دەکەین کە هەستن بە لێکۆڵینەوە و بەدواداچوونی جدی بکەن بۆ کەرتی بەرهەمهێنانی عەلەف، لەبەر ئەوەی نرخی عەلەف لە کارگە ناوخۆییەکاندا بەشێوەیەکی بەرچاو بەرزکراوەتەوە، لە کاتێکدا نرخی مریشک هەروەک خۆی جێگیرە و بەردەوام روو لە هەرزانبوونە لەکاتێکدا تێچوی هەر کیلۆیەک مریشک %70 بە عەلەف دەدرێت و نرخی عەلەف لەماوەی چەند رۆژێکدا 100 هەزار گرانبووە و رۆژانە بەرەو گرانتر دەروات"،
باسی لەوەشکرد، "چاودێری کردن لە نرخی عەلەف و دیاریکردنی نرخێکی گونجاو بۆ خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکان دەتوانێت هۆکارێکی گرنگ بێت بۆ پاراستنی بەردەوامی بەرهەمهێنانی مریشک لە ناوخۆدا. چونکە ئەو دۆخەی ئێستا دەگوزەرێت زیانێکی گەورە دەگەیەنێت بە کەرتی پەلەوەری و خاوەن کێڵگەکان".
PM:03:13:05/03/2026
ئهم بابهته 324
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت