خۆشی فەرەیدون: میدیاکانی دەسەڵات هەموو وزەی خۆیان خستووەتە سەر بابەتی مریشکی زیندوو و مریشکی بەستوو


وێستگەنیوز-

پەرلەمانتارێکی نەوەی نوێ رەخنە لە میدیاکانی دەسەڵات دەگرێت و دەڵێت، "لە بری پرسی مووچە و کارەبا ئەو میدیایانە هەموو وزەی خۆیان خستووەتە سەر بابەتی مریشکی زیندوو و مریشکی بەستوو".


خۆشی فەرەیدون، پەرلەمانتاری نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان لە بابەتێکدا بە ناونیشانی "مەکینەی میدیایی و ستراتیژیی لادانی سەرنجی گشتی" نووسیویەتی، "ئەو شەپۆلە میدیاییەی کە ئێستا لەلایەن دەزگا میدیاییەکانی سەر بە لوتکەی دەسەڵاتەوە بەڕێوەدەچێت، تەنها گواستنەوەی هەواڵ نییە، بەڵکو پرۆسەیەکی بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ساردکردنەوەی شەقام و لادانی سەرنجی خەڵک لە کێشە جەوهەرییەکان".

ئاماژە بەوەدەکات، "لە کاتێکدا دەبوو ئەم میدیایانە پرسیار لە چارەنووسی 120 ملیار دیناری داهات، و مووچەی مانگەکانی 11 و 12 و هۆکاری گرانیی بێپێشینەی نرخی کارەبا و ئەو باجە قورسە بکەن کە پشتی کاسبکاری شکاندووە، کەچی دەبینین هەموو وزەی خۆیان خستووەتە سەر بابەتی مریشکی زیندوو و مریشکی بەستوو".

​خۆشی فەرەیدون دەڵێت، "ئەم مەکینە ئیعلامیانە لەبری ئەوەی چاودێر بن بەسەر حکومەتەوە، خۆیان کردووەتە "دادوەر" و بڕیاردەر بەسەر چارەنووسی خەڵکەوە. بابەتی مریشک و جۆرەکەی، ئەرکێکی تەکنیکی و کارگێڕی وەزارەتی کشتوکاڵە، نەک ئەجێندای سەرەکیی ئەو میدیایانەی بارگرانین لەسەر قووتی خەڵک".

​دەشڵێت، "ئامانجی ئەم یارییە ڕوونە، سەرقاڵکردنی خەڵک بە وردەکارییەکانی بژێوی ڕۆژانە و ترێندی فەیسبووک، بۆ ئەوەی کەس نەیەتە دەنگ لەسەر ئەو پارە و داهاتە گەورانەی کە دیارنامێنن و ئەو بارگرانییە داراییەی کە بە ناوی جۆراوجۆرەوە خراوەتە سەر شانی هاوڵاتی. ئەمانە دەیانەوێت ببنە "پاڵەوانی ساختە" لە کێشە بچووکەکاندا، تاوەکو لە کێشە گەورەکاندا کەس لێپرسینەوەیان لەگەڵدا نەکات".


PM:02:21:27/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 468 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت