حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان: هێزکۆکردنەوە و هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، تەواوی ناوچەکە رووبەڕووی جەنگێکی وێرانکەر دەکاتەوە


وێستگەنیوز-

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان رایدەگەیەنێت هێزکۆکردنەوە و هەڕەشەکانی ئەمریکا دژی ئێران، تەواوی ناوچەکە رووبەڕووی جەنگێکی وێرانکەر دەکاتەوە، ئاماژە بەوەشدەکات، دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا جەنگیان دەوێت.


لە راگەیەندراوێکدا حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان رایگەیاند، "کەشوهەوای ئەو شەڕەی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دەوری ئێران خولقاندویانە، ناوچەکەیان لەبەردەم دڵەڕاوکێ و مەترسی هەڵگیرسانی شەڕێکی گەورەی وێرانکەر و کوشتاری بەکۆمەڵدا ڕاگرتووە. چڕبوونەوەی دەنگۆی شەڕ و مەترسیەکان، لە ئەگەری قوڵبوونەوەی ئەم شەڕەدا، جگە لەوەی کاریگەری جدی لەسەر لەباربردن و پەراوێزخستنی خەباتی چینی کرێکار و جەماوەری زەحمەتکێش بۆ رووخانی کۆماری ئیسلامی دادەنێت، مەترسیەکی گەورەیە بۆ داڕمانی کۆمەڵگە و نائارامی و بەرپاکردنی دۆخێکی کارەساتبار، هەر لەئێستاوە بەشێک لەلایەن و تاقمە قەومپەرست و فاشیستەکانی بەرەی ڕاست، ئەو هێزانەی کە ئومێدی خۆیان بەم جەنگ و کاولکاریەوە گرێداوە، بۆ ئەوەی سوچێکی دەسەڵاتیان پێببڕێت، خەریکی ئامادەکاری و خۆسازدانن بۆ پەلکێشکردنی ئێران بەرەو عێراقی زەبوون".

ئاماژە بەوەکراوە، "ئەمریکا بەگەرمی لە پاڵ پڕوپاگەندەی جەنگیدا خەریکی هێزکۆکردنەوە و عەسکەرتاریزمی ناوچەکە و نمایشی جەنگییە، ئەمانە دەریدەخات کە دەستەی فەرمانڕەوای ئەمریکا جەنگیان دەوێت، هەرچەندە جار جار ترەمپ وا رادەگەیەنێت لێدانەکەی سنوورداردەکات بۆ ئەوەی ئێران ناچار بکات بگەڕێتەوە سەر مێزی دانوستان، ئەمە لەسەرێکەوە گەمەیەکی سیاسیی ئەمریکایە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی، بۆ ملکەچبون و رادەدستبونی ئێران بە سیاسەت و نەخشەکانی خۆی لە ناوچەکەدا، لەسەرێکی تریشیەوە، هەوڵی ئەمریکایە بۆ بە دەستهێنانی بەشی زیاتر لە نەخشەی سیاسی و ئابوری و ئەمنی ناوچەکە و بچڕینی پشکێکی شێریشە بۆ ئیسرائیل. بەڵام ڕاستی ئەوەیە کە ئەگەر جەنگ بەرپابێت هیچ زەمانەتێک بۆ سنوردابونی نامێنێتەوە".

حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان دەڵێت، "جۆری نمایشەکانی ئەمریکا و ناڕۆشنی دانوسانەکان و هەڕەشەی هەردوولا لەیەکتر، پێشبینی و ئەگەری شەڕی بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد کردووە. کێشەی بنەڕەتی ئەمریکا وەک وڵاتێکی سەرمایەداری زلهێزی دنیا و هەوڵی بۆ بالادەستی بەسەر ناوچەکەدا، لێدانە لە دەوری هەر وڵاتێکی سەرمایەداری زلهێز، کە ڕکابەری بکات و ببێتە کۆسپ لەبەردەم نەخشەکانیدا. لە هەمانکاتدا دورخستنەوەی نفوزی ڕوسیا و چین لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەرست، لە ئێستادا لە ڕوی عەمەلیەوە بۆ ئەمریکا تێکشکاندن و ملکەچکردنی ئێرانە، وەک هاوپەیمانی رووسیا و چین".

دەشڵێت، "دیارە ئەگەری ئەوەی دۆخی ئێران لە ئاکامی ئەم شەڕە و قوڵبونەوەیدا بگات بە سیناریۆی کارەساتبار و عیراقیزەبوون، کە بە خودی ئەمریکا و دارودەستەکانیشی کۆناکرێتەوە، بوەتە گرفتێک لەبەردەم جەنگخوازی ئەمریکادا. کۆماری ئیسلامی ڕژێمیکی لە بابەت ڕژێمی سەدام و بەشار ئەسەد نییە، کە بە هێرشێک پاکبکرێتەوە و لەڕریشە دەربێت. ئەم ڕژێمە لە ئەگەری زۆر لاوازبوون و تەنانەت ڕوخانیشیدا لەڕێگای ئەم شەڕەوە، ئەوەندە دارودەستەی مرۆڤکوژ و فاڵانژی هەیە کە کۆمەڵگا نائەمن و ڕاپێچی سیناریۆی کارەساتبار بکات. واتە بۆ ئەمریکا و دارودەستەکانی ئاسان نییە بتوانن کۆنترۆڵی تەواو بەسەر ئێراندا بەدەست بهێنن، هەوڵی دانوستان و ناچارکردنی جمهوری ئیسلامی بۆ ملدان بە مەرجەکانی، لانی کەم لە ئاستێکدا کە ئەمریکا بتوانێ ئیدعای بردنەوە بکات، لێرەوە سەرچاوەی گرتووە".

حزبەکە راشیگەیاندووە، "ئێستا بە بەرچاوی تەواوی جیهانەوە، ژیانی خەڵکی ئێران کەوتۆتە ژێر کاریگەریی هەڕەشەی دۆخێکی تەواو مەترسیدارەوە. لەهەمانکاتدا سیاسەتە ئابورییەکانی کۆماری ئیسلامیش کە بە درێژایی دەیان ساڵ گوزەرانی کرێکاران و زەحمەتکێشانی زۆر بەرتەسک و توشی نەداری کردووە، توانای کڕینی کرێکاران و کارمەندان و مووچەخۆران و زەحمەتکێشانی زیاتر لە جاران سنووردار کردووە. بەڵام کەمینە سەرمایەدارەکان کە پاڵپشتی کۆماری ئیسلامی دەکەن، خاوەنی گەورەترین کەڵەکەی سەرمایە و خۆشگوزەرانی و فەنتازیات و خاوەن کۆشک و تەلارن. ئەوەش قڵشتێکی گەورەی لە نێوان خاوەن سەرمایە و سەرانی دەسەڵات لەلایەک و کرێکاران و خەڵکی هەژار و نەداردا لەلایەکی ترەوە، دروستکردوە. هەر ناڕەزایەتییەکی جەماوەریش لەدژی ئەم بێمافی و نەداریە لەلایەن کۆماری ئیسلامیەوە سەرکوت و شەڵاڵی خوین دەکرێت. لە هەمانکاتدا دۆخی شەڕ و بیانووی هەڕەشەی ئەمریکا و ئیسرائیل و دەوخاڵەتکردنیان لەناوخۆی ئێراندا لە ڕێگای دارودەستەکانیانەوە، هێندەی تر دەستی ڕژێمی بۆ سەرکوتی ناڕەزایەتیەکان ئاوەڵا کردووە".

ئاماژە بەوەشدەدات، "دەوڵەتی ئەمریکا کە خاوەنی مێژویەکی خوێناوی کوشتنی ملیۆنان کەسە لە یابان، ڤێتنام، ئەفغانستان، عێراق، لیبیا، سوریا..، جارێکی دیکە پەنای بۆ درۆیەکی شاخداری بێشەرمانە بردووە. لەژێر دروشمی نامرۆڤانە و ئابروبەرانەیدا بەناوی "رزگارکردنی خەڵکی ناڕازی ئێران" و وەک پاڵەوانێک و فریادرەسێکی ساختەباز بانگەوازی ڕوخانی کۆماری ئیسلامی ڕادەگەیەنێت، هەوڵدەدات زەمینە ساز بکات بۆ جەنگ و کاولکاری بەبیانوی "چونەپێشەوەی بەرنامەی چەکی ئەتۆمی و پیتاندنی یۆرانیۆم"ی کۆماری ئیسلامی و کۆمەڵگایەکی ٨٥ ملیۆنی لەبەردەم هەڕەشەی نابوتیدا ڕاگرتووە، کرێکاران و جەماوەری زەحمەتکێش و ئازادیخواز کە ئومێد دەکەن ڕۆژێک زووتر ئەم ڕژێمە هار و نەگریسە بڕوخێنن، نابێ فریوی ئەمریکا و دارودەستەکانی و هێزە ڕاستڕەو و کۆنەپەرستەکان بخۆن و ئومیدی خۆیان گرێبدەن بە پێشوازیکردن و چاوی ئومێدبڕین لە سیناریۆی شەڕخوازی و وێرانسازی هێزێکی ئیمپریالیستی وەکو ئەمریکا. شەڕی ئەمریکا لە دژی جمهوری ئیسلامی نەک هەر ڕێگای نەجاتی ئەوان نییە لەم ڕژێمە چەپەڵە، بەڵکو سیناریۆیەکە بۆ لەباربردن و لەکارخستنی بزەوتنەوەی ڕوخانی ئەم ڕژێمە بەدەستی خەڵک و نوسینی چارەنوسێکی درەخشان بۆ ئەم کۆمەڵگایە. دەرئەنجامە کارەساتبارەکان و دەستێوەردانە سەربازیەکانی ئەمریکا وەک ئەزمونێک لە ئەفغانستان، عێراق، سوریا، لیبیا و عێراق لەیادمان ماون، دانیشتوانی ئەو ناوچانە تائێستا لەژێر باری پاشماوەی کارەساتەکاندا دەرنەچوون".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "ئەم شەڕە ئەگەر ڕووبدات، جگە لە مەرگ و وێرانکاری، بناغەکانی ژیانی کۆمەڵایەتی تێکدەدات و بزووتنەوەی سەرنگونی ڕژێم، بزووتنەوەی کرێکاری، ژنان، خوێندکاران، مامۆستا و خانەنشینان، ناڕازیەتی بەرفراوانی جەماوەری بەرەو دواوە دەبات و پاشەکشە پێدەکات، ئەو هێز و لایەن و دەستەوتاقمانەی چاوی ئومێدیان بڕیوەتە جەنگ و دەیانەوێ خۆڵ بکەنە چاوی خەڵک و ئومێدەواریان بکەن بە جەنگ، جگە لەوەی هێز و لایەنی کۆنەپەرست و فاشیست و بێبەرین لە هەرجۆرە هەستکردنێک بە لێپرسراوێتی بەرامبەر خەڵک و کۆمەڵگا، دەیانەوێ هەموو شتێک بکەن بە قوربانی ئامانج و مەبەستە چەپەڵ و دژی خەڵکیەکانی خۆیان. چینی کریکار و خەڵکی ئازادیخوازی ئێران دەبێ ئەم هێز و لایەنە کۆنەپەرست و نابەرپرسانە ڕیسوابکەن و تەریکیان بخەنەوە".

لە کۆتایشدا هاتووە، "لەم ساتە ناسک و پڕمەترسیەی دووچاری خەڵکی ئێران بووە، پێویستە دەنگی چینی کرێکار و خەڵکی ئازادیخواز و دژ بە جەنگ لە ئاستی جیهانیدا بەرزبێتەوە بۆ فریاکەوتنی خەڵکی ئێران و پێشگرتن بەم سیاسەتە شەڕخوازانەیەی ئەمریکا. لە ئەگەری بەرپابونی شەڕ و ئاوارەبوونی خەڵکدا، پێویستە جەماوەری بێبەشی ناوچەکە و کوردستان و عێراق بە دەنگ خەڵکی ئێرانەوە بچن و بە هەموو شێوەیەک هاوکارییان بکەن".


PM:01:10:27/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 320 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت