فەهمی بورهان: رێگە نادەین دەستکاریی دیمۆگرافیا و نەخشەی ئیداریی خانەقین بکرێت
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ پێنجشەممە 26ی شوباتی 2026، دەستەی ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم لەگەڵ نوێنەری سەرجەم حزب و لایەنە سیاسییە کوردستانییەکانی سنووری پارێزگای دیالە و قەزای خانەقین کۆبووەوە.
لە دوای کۆبوونەوەکە فەهمی بورهان، سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان بە رۆژنامەنووسانی رایگەیاند، "ئەو هەوڵانەی بۆ گۆڕینی ناحیەکان بۆ قەزا و دابڕینیان لە خانەقین لە ئارادایە، درێژەپێدەری هەمان ئەو سیاسەتەیە کە پێشتر بۆ تەعریبکردنی ناوچەکە بەکارهاتووە، ئەمە هەنگاوێکی نادەستوورییە و پێچەوانەی بنەماکانی مادەی 140ی دەستووری عێراقە".
سەرۆکی دەستەی ناوچە کوردستانییەکان جەختی لەوەشکردەوە، حکومەتی هەرێمی کوردستان و سەرجەم لایەنە سیاسییەکان پشتیوانی خەڵکی خانەقین دەکەن و رێگە نادەن بەم شێوەیە دەستکاریی دیمۆگرافیا و نەخشەی ئیداریی ناوچەکە بکرێت.
ئاماژەی بەوەکرد، "نووسراوێکی فەرمی ئاڕاستەی پەرلەمان و حکومەتی عێراق و دادگای فیدراڵی دەکەن بۆ تانەدان لەو بڕیارانە".
هەروەها نوێنەری لایەنە سیاسییەکانی خانەقین بە رۆژنانووسانی وت، "ئەوانەی ئێستا لە بەغدا و دیالە خەریکی جێبەجێکردنی ئەم بڕیارانەن، دەیانەوێت بە بەرگێکی نوێوە سیاسەتی رژێمی پێشوو دژی کورد جێبەجێ بکەن".
ئەوەشی خستەڕوو، "ئەم گۆڕانکارییانە کاریگەریی خراپیان دەبێت لەسەر پرۆسەی سەرژمێریی داهاتوو و دەیانەوێت ژمارەی کورد لەو ناوچانە کەم بکەنەوە".
لە کۆتایی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا، داوا لە سەرجەم وەزیران، پەرلەمانتاران و سەرۆک کۆمار کرا کە لە بەغدا وەک یەک دەنگ دژی ئەم ستەمە بوەستنەوە، چونکە مەترسییەکە تەنها لەسەر خانەقین نییە، بەڵکو ئەگەر لە خانەقین سەر بگرێت، رەنگە لە داهاتوودا کەرکوک و شنگال و ناوچەکانی دیکەش بگرێتەوە.
PM:02:18:26/02/2026
ئهم بابهته 276
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت