پۆلیسی سلێمانی: بە تۆمەتی ئازاردان و دزینی ئاڵتون لە ژنێکی بەساڵاچوو تۆمەتبارێک دەستگیرکرا


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارێکی راگەیاند کە ئازاری ژنێکی بە ساڵاچووی داوە و ئاڵتونەکانیشی لێ دزیوە، دوای لێکۆڵینەوە دەرکەوتووە ژنەکە پوری تۆمەتبارەکەیە.


ئەمڕۆ چوارشەممە 25ی شوباتی 2026، بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی سلێمانی رایگەیاند، "دوای ئاگادارکردنەوەی مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵ لە رووداوێک کە ئێوارەی دوێنێ سێشەممە لە ناحیەی شۆڕشی سەر بە قەزای چەمچەماڵ روویدا بوو، تۆمەتبارێکی دەمامکدار هەڵیکوتابووە سەر ماڵی ژنێکی بەساڵاچوو کە بەتەنها دەژیا، دوای ئەوەی تۆمەتبار ژنەکە دەبەستێتەوە و ئازارو ئەشکەنجەیەکی زۆری دەدات تا لەهۆش خۆی دەچێت، دواتر ئاڵتونەکانی دەدزێت و هەڵدێت".

ئاماژە بەوەکراوە، "دەستبەجێ بڕیاری دادوەر بۆ رووداوەکە وەرگیراو هێزەکانیان لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونیان بۆ دۆزینەوەو دەستگیرکردنی تۆمەتبار دەستپێکرد".

پۆلیسی سلێمانی ئەوەشی خستەڕوو، "سەرەنجام توانرا تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەلایەن مەفرەزەکانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی چەمچەماڵەوە دەستگیربکرێت و دەستیشگیرا بەسەر ئاڵتوونە دزراوەکەدا".

وەک پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، "تۆمەتبار ناوی (ش، ع، ح) لەدایکبووی 1987ە و لە لێکۆڵینەوەکاندا دەرکەوت کە تۆمەتبار خوشکەزای سکاڵاکارە، لەئێستادا تۆمەتباری ناوبراو بەبڕیاری دادوەرو بەپێی مادەی (443) لەیاسای سزادانی عێراقی راگیراوەو لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە".


AM:10:12:25/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 264 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت