مەزڵوم عەبدی: ئەگەر رێككەوتنەكەمان هەرەس بهێنێت تاكۆتایی بەرگری دەكەین
وێستگهنیوز –
فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) رایدەگەیەنێت ئەگەر رێككەوتنەكەمان لەگەڵ حكومەتی دیمەشق هەرەس بهێنێت تاكۆتایی بەرگری لەناوچە كوردییەكان دەكەین.
مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتیی هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ تۆڕی"PBS"ی ئەمریكی رایگەیاند، "رێککەوتنی کۆتایی مانگی یەک لە سایەی ئەم بارودۆخەی ئێستادا باشترین بژاردەی بەردەست بوو كه گەرەنتی ئاگربەست و چەسپاندنی سەقامگیری و چارەسەرکردنی کێشەکانمان دەكات".
وتيشى، "بێگومان ئێمە ئۆتۆنۆمیمان دەوێت، بەڵام بە لەبەرچاوگرتنی بارودۆخی ئێستا، تاکە مەرجێک بۆ ئەوەی حکومەتی دیمەشق قبوڵی بێت، حوکمڕانی خۆجێییە، کە کورد بتوانێت ناوچەكانی خۆی بەڕێوەببات و ناسنامەی کوردبوونی خۆی بپارێزێت".
مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشكرد، "من نە دەمەوێت و نە ئاواتەخوازم رێككەوتنەكە هەرەس بهێنێت، بەڵام ئەگەر ئەوە روویدا، ئێمە تا کۆتایی درێژە بە خەباتی خۆمان دەدەین، مەحاڵە دەستبەرداری ناوچە کوردنشینەکان بین".
دووپاتیشیكردەوە، "هێشتا داعش زۆر بەهێزە و رەنگە بتوانێت وردە وردە دەست بەسەر شارە گەورەکانی سوریادا بگرێت و هەرکاتێک بیەوێت دەتوانێت هێرش بکات، پێم وایە ئەگەر شەڕی داعش بە توندی بەردەوام نەبێت، ئەوا ئەو رێکخراوە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی مەترسی بۆ سەر جیهان دروست بکات".
ئاماژەشیكرد، کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لەم کاتە هەستیارەدا بیرۆکەیەکی باش نییە، چونکە بە دڵنیایی ئاڵنگاری نوێ دروست دەکات، بەتایبەتی لە شەڕی بەردەوامی دژی تیرۆردا.
ئاشكراشیكر،د کاتێک حکومەتی سوریا هێرشی کردە سەر پێگەکانی کورد، ئەمریکا بە هانای کوردەوە نەهات و هێرشێکی گەورە بۆ سەر ناوچەکانمان کرا، بەشێکی زۆر لە گەلەکەمان کوژران و هەڵوێستی ئەمریکاش بەوجۆرە نەبووهێرشەکە بوەستێنێت، لە ئەنجامی ئەم هەڵوێستەدا ناڕەزایی بەربڵاو لە نێو گەلەکەماندا هەیە.
دەشڵێت، من دوو ناسنامەم هەیە، یەکێکیان ناسنامەی سوریە، ئەوی تریان ناسنامەی کوردبوونە، من لە كرۆكدا کوردم، شانازی بە هەردووکیانەوە دەکەم.
مەزڵوم عەبدی لە كۆتایی قسەكانیدا وتی، ئێمە چاومان لە ئاوەدانکردنەوەی سوریایە، بەڵام دەمانەوێت ببینین ناوچە کوردییەکان گەشە بکەن و سەرفراز بن و کورد ڕۆڵی پێشەنگایەتی لەو وڵاتەدا بگێڕێت.
PM:01:34:24/02/2026
ئهم بابهته 264
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت