نێچیرڤان بارزانى و نوێنەری ترامپ پەيوەندييەكانى ئەمه‌ريكا لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستان تاوتوێ‌ دەكەن


وێستگه‌نیوز –

نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان و تۆم باراك، نوێنەرى دۆناڵد ترمپ سەرۆكی ئەمریكا بۆ كاروبارى سوريا و باڵيۆزى ئەمه‌ريكا لە توركيا پەيوەندييەكانى ئەمه‌ريكا لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستانيان تاوتوێ‌ كرد.


سەرۆكایەتی هەرێمی كوردستان لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردەوە، ئێوارەی دووشەممە 23ى شوباتى 2026 نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان، پێشوازيى لە تۆم باراك، نوێنەرى سەرۆك ترامپ بۆ كاروبارى سوريا و باڵيۆزى ئەمه‌ريكا لە توركيا و شاندێكى ياوەرى كرد.

بەپێی راگەیەندراوەكە، لە كۆبوونەوەيەكدا كە جۆشوا هاريس، كاربه‌ڕێكه‌رى باڵيۆزخانه‌ى ئه‌مه‌ريكا له‌ عێراق ئامادەی بوو، پەيوەندييەكانى ئەمه‌ريكا لەگەڵ عێراق و هەرێمى كوردستان، دواپێشهاتەكانى بارودۆخى سوريا و پرۆسەى سياسى لە عێراق و هه‌رێمى كوردستان تاوتوێ كران.

لە راگەیەندراوەكەدا هاتووە، شاندى ميوان پێزانينيان بۆ ڕۆڵى نێچيرڤان بارزانى لە هەوڵە ديپلۆماسييەكانى بۆ سەقامگيريى ناوچەكە و هێوركردنەوەى ئاڵۆزييەكان و ڕێككه‌وتنى نێوان ديمه‌شق و هه‌سه‌ده‌دا دەربڕى و لاى خۆيه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى دووپاتى كردەوە كە هەرێمى كوردستان وەك هەميشە فاكتەرى ئارامى و سەقامگيرى دەبێت.

ئاماژەشیكرد، دوايين پێشهاته‌كانى ناوچه‌كه‌، تەوەرێكى ديكەى كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو؛ له‌مباره‌يه‌وه‌ نێچيرڤان بارزانى جه‌ختى له‌ گرنگيى چاره‌سه‌ركردنى ئاشتيیانه‌ى كێشه‌كان و پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له‌ ناوچه‌كه‌دا، كرده‌وه‌.


AM:09:38:24/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 100 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت