سەنتەری میترۆ: هەڕەشە لە رۆژنامەنووسان رەتدەكەینەوە


وێستگەنیوز

سەنتەری میترۆ هەڕەشەكانی سەر رۆژنامەنووس دڵشاد مام تەها رەتدەكاتەوە، هەروەها داوا لە دادگای پێداچوونەوەی هەرێمی كوردستان دەكات، پێداچوونەوە بە بڕیاری دادگای كەتنی كۆیە بكات، و داوا دەکات لە بابەتەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوەدا پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببرێت.


ئەمڕۆ دووشەممە 23ی شوباتی 2026 سەنتەری میترۆ بڵاویکردەوە، رۆژنامەنووس دڵشاد مام تەها، ئەندامی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان، لە رێكەوتی 22ی تشرینی دووەمی 2021 لەسەر سكاڵایەكی نەخۆشخانەی كۆیە لە یەكەم دانیشتنی دادگایی كردنەكەی ئامادەبووە، لە 19ی شوباتی 2024 لەسەر سكاڵای بەڕێوەبەرایەتی گشتیی تەندروستی كۆیە، داگای كۆیە سزای بەندكردنی بۆ ماوەی (6 مانگ) لەسەر "هەواڵی ناڕاست و تەشهیركردن" بۆ دەرکرد.

دڵشاد مام تەها بە سەنتەری میترۆی رایگەیاندووە، "بە هۆی ڤیدیۆکەوە بوو كە خانەوادەی نەخۆشێك بۆیان ناردبووم و بڵاومكردەوە، ڤیدیۆکە باس لە كەمی خزمەتگوزاری تەندروستی نەخۆشخانەكە دەكات، ئەو بڕیارە دراوە بە بێ ئامادەبوونم".

دڵشاد مام تەها ئاماژەی بەوەکردووە، "هۆكاری ئامادەنەبوونم ئەوە بوو كە من لە كوردستان نەبووم، بەڵام لە یەك دانیشتن ئامادەبووم".

وەک سەنتەری میترۆ دەڵێت، "سەرباری دەركردنی بڕیاری دادگا، چەند جارێك بە نامەی دەنگی، هەرەشە بۆ رۆژنامەنووسەكە هاتووە و لای سەنتەری میترۆ پارێزراوە".

ئەوەشخراوەتەڕوو، "سەنتەری میترۆ دژی ئەوە نییە کە هاوڵاتییەك یان دەزگایەكی فەرمی لە كاتی بوونی كێشە لەگەڵ رۆژنامەنووسان پەنا بۆ دادگاكان بەرن، ئەمە بە رێگە راستەكە دەزانین، بەڵام ئەم رۆژنامەنووسە بە پێی یاسای خراپ بەكارهێنانی ئامێرە ئەلیكترۆنییەكان پەڕاویان بۆ کردووەتەوە، نەك بە گوێرەی یاسای رۆژنامەگەری، ئامانجیش توندكردنیانە لە زیندان".

سەنتەری میترۆ دەشڵێت، "كەیسەكانی تایبەت بە بڵاوكردنەوە سروشتی تایبەتی خۆی هەیە، بۆیە لە ساڵی 2007 وە یاسای تایبەتی خۆی بۆ دەرچووە. بەڵام، سەرباری یاساكە، هێشتا لە دادگاكانی هەرێم لە كەیسەكانی تایبەت بە رۆژنامەنووسان كار بە یاسای سزادانی عێراقی و یاسای تر لێكۆڵینەوە لەگەڵ رۆژنامەنووس دەكرێت و حوكمی بۆ دەردەكەن".


PM:02:26:23/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت