وتەبێژی دەم پارتی: دەبێت پەرلەمانی تورکیا ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پیشان بدات
وێستگەنیوز-
وتەبێژی دەم پارتی رایدەگەیەنێت، پەرلەمانی تورکیا دەبێت ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پیشان بدات، ئاماژە بەوەشدەکات، دەبێت زەمینەی سەربازی بگۆڕدرێت بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام.
ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، ئایشەگوڵ دۆغان، وتەبێژی دەم پارتی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا تیشکی خستە سەر دوایین پێشهاتەکانی پەیوەست بە "پڕۆسەی ئاشتی" لە تورکیا رایگەیاند، "پەرلەمانی تورکیا دەبێت ئیرادەی خۆی بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان پیشان بدات و ببێتە ناوەندێک بۆ چاکسازیی یاسایی و دیموکراتی".
ئاماژەی بەوەشکرد، "پێشتر چەندین جار داوامان کردووە پەرلەمان ئەم بەرپرسیارێتییە بگرێتە ئەستۆ".
وتەبێژی دەم پارتی وتی، "راپۆرتی کۆمیسیۆنی پەرلەمان سەبارەت بەم پرسە زۆر گرنگە و پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکان جگە لە یەک لایەن کە دژایەتی دەکات بە هەماهەنگی کار بکەن بۆ ئەوەی راپۆرتێکی گشتگیر و کاریگەر ئامادە بکرێت".
هەروەها رەخنەی لەوە گرت کە لە راپۆرتەکاندا باس لە "پڕۆسەی تورکیا بێ تیرۆر" دەکرێت، هاوکات داوای کرد ئەم دەستەواژەیە بگۆڕدرێت بۆ "پرسی کورد" و چارەسەرکردنی بە رێگەی دیموکراسی، نەک تەنیا بەستنەوەی بە پرسی تیرۆرەوە.
وتیشی، "دەبێت زەمینەی سەربازی بگۆڕدرێت بۆ زەمینەیەکی سیاسی و یاسایی بۆ ئەوەی ئاشتییەکی بەردەوام لە وڵاتدا بێتە کایەوە".
ئایشەگوڵ دۆغان جەختی کردەوە، "دەم پارتی بەردەوام دەبێت لە هەوڵەکانی بۆ چەسپاندنی دیموکراسی و برایەتی لە تورکیا".
هەروەها داوای لە حکومەت و پەرلەمان کرد هەنگاوی کردەیی بنێن بۆ ئەوەی پڕۆسەی ئاشتی بگاتە قۆناغێکی نوێ و جێگیر.
PM:03:23:19/02/2026
ئهم بابهته 148
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت