ئەمڕۆ یەکێتی و نەوەی نوێ کۆدەبنەوە
وێستگەنیوز-
لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتنەکانی پێشوویان لەبارەی هەماهەنگیی سیاسی و پێکهێنانی کابینەی نوێ، بڕیارە ئەمڕۆ پێنجشەممە 19ی شوباتی 2026، شاندێکی مەکتەبی سیاسیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەنجومەنی بەڕێوەبردنی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆببنەوە.
وەک میدیای یەکێتی بڵاویکردووەتەوە، ئامانجی کۆبوونەوەکە داڕشتن و نووسینەوەی خاڵ و شێوازی رێککەوتنی نێوان یەکێتی و نەوەی نوێیە.
کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ دوای ئەوە دێت رۆژی 17ی شوباتی 2026، بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی و شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ کۆبوونەوە، لەوبارەیەوە سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ رایگەیاندبوو، ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەغداو هەوڵدەدەن تاوەکو هەفتەی داهاتوو رێککەوتنەکە بنووسرێتەوە و واژۆ بکرێت و دەستبەجێ بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
هەروەها سەبارەت بە پۆستە باڵاکان شاسوار عەبدولواحید لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ئاشکرای کرد، پڕۆژەیەکیان ئامادەکردووە بۆ بەدەستهێنانی هاوسەنگیی هێز کە لە دوو بەش پێکهاتووە:
بەشی یەکەم: داوای پۆستی سەرۆک وەزیران و چەند وەزارەتێک دەکەن.
بەشی دووەم: داوای پۆستی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و چەند وەزارەتێکی دیکە دەکەن.
هاوکات جەختی لەوە کردووەتەوە، لە کۆی 8 پۆستی باڵا و هەستیار، پێویستە 4 پۆستیان بۆ حزبەکانی ئەم سنوورە بێت.
سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ ئاماژەی بەوە کردووە، ئاگاداری کۆبوونەوەی بافڵ تاڵەبانی و مەسعود بارزانییە و ڕۆژانە لە پەیوەندیدان، ئەگەر ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت ئەوا یەکێتی و نەوەی نوێ بە 38 کورسییەوە لەگەڵ پارتی دادەنیشین، ئەگەر پارتی کێشەیەکی لەمبارەیەوە هەبێت لارییان نییە یەکێتی نوێنەرایەتییان بکات یان بەپێچەوانەوە.
لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراق، شاسوار عەبدولواحید روونیکردووەتەوە، لە دوای واژۆکردنی رێککەوتنەکەوە، فراکسیۆنی نەوەی نوێ دەنگ بە نزار ئامێدی بەربژێری یەکێتی دەدات.
شاسوار عەبدولواحید راشیگەیاند، "ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان و بەغدا".
PM:12:20:19/02/2026
ئهم بابهته 448
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت