سەركردەیەك لە پارتی: هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار ئێران و ئەمریكایە


وێستگه‌نیوز –

سەركردەیەك لە پارتی دیموكراتی كوردستان، هۆكاری راستەقینەی دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆماری عێراق ئاشكرا دەكات.


ئیخڵاس دولەیمی سەركردە لە پارتی دیموكراتی كوردستان لە دیدارێكدا لەگەڵ كەناڵی یو تی ڤی رایگەیاند هۆكاری دواكەوتنی هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمارى عێراق، ئێران و ئەمریكایە.

وتيشى، پەككەوتنی دانیشتنەكانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بۆ تەواوكردنی مافە دەستورییەكان پەیوەستە بە دانوستانی نێوان ئێران و ئەمریكاوە و ناوەندە سیاسییەكانی عێراق چاوەڕوانی ئەنجامەكانی ئەو دانوستانە دەكەن تاوەكو حكومەتی عێراق پێكبهێنن.

ئیخڵاس دولەیمی پێشنیاری بۆ پەرلەمانی عێراق کرد کە پشوویەک وەربگرێت تا ئەو کاتەی رووبەڕووبوونەوەی نێوان دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا و عەلی خامنەیی، رێبەری باڵای ئێران کۆتایی دێت.

چەند پەرلەمانتارێكی عێراقی پەككەوتنی پڕۆسەی سیاسی عێراقیان خستە ئەستۆی پارتی و یەكێتی كە لەسەر كاندیدكردنی یەك كەسایەتی رێككناكەون بۆ پۆستی سەرۆك كۆماری عێراق و دەستوری عێراقیان پێشێلكردووە و هەموو دامودەزگاكانی دەوڵەتی عێراق بەهۆی ئەوانەوە پەكی كەوتووە.

فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراقيش بڵاویكردەوە، هەیبەت حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق نوسراوێكی پێشکەش بە دادگای باڵای فیدراڵی کردووە سەبارەت بە پێویستی لێکدانەوە مادەی (72/دووەم/ب) کە تایبەتە بە بەردەوامی ئەرکەکانی سەرۆک کۆمار و وادەی هەڵبژاردنی سەرۆکێکی نوێ.


AM:11:07:16/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 420 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو