بافڵ تاڵه‌بانی پێش كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ بارزانی، مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كۆكرده‌وه
وێستگه‌نیوز-
سه‌رۆكی یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێش كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی له‌گه‌ڵ سه‌رۆكی پارتی دیموكراتی كوردستان، له‌گه‌ڵ مه‌كته‌بی سیاسی حزبه‌كه‌ی كۆبۆوه.
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه میدیای یه‌كێتیی نیشتمانی كوردستان بڵاویكرده‌وه كه كۆبوونه‌وه‌ی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی له ده‌باشان ماوه‌ی 2 كاتژمێری خایاندووه و تێیدا باسی پرسه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌می حكومه‌تی هه‌رێم و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار كراوه.
ئاماژه‌شی به‌وه‌داوه كه له كۆبوونه‌وه‌كه‌دا چه‌ند پێشنیارێك له‌وباره‌یه‌وه تاووتوێ كراوه.
ئه‌م كۆبوونه‌وه‌یه له كاتێكایه كه بڕیاره سبه‌ینێ بافڵ تاڵه‌بانی سه‌رۆكی یه‌كێتیی له پیرمام له‌باره‌ی یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیدی پۆستی سه‌رۆك كۆمار له‌گه‌ڵ مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی پارتی كۆببێته‌وه.
دوای ئه‌وه‌ش دێت كه له‌ماوه‌كانی دواییدا یه‌كێتیی هاوپه‌یمانی له‌گه‌ڵ جوڵانه‌وه‌ی نه‌وه‌ی نوێ كۆد و ئێستا پێكه‌وه له كۆی 100 كورسی په‌رله‌مانی كوردستان 38 كورسییان هه‌یه له‌به‌رامبه‌ر 39 كورسی پارتیدا.
ئه‌مڕۆش مه‌سرور بارزانی جێگری سه‌رۆكی پارتی بۆ میدیاكان جه‌ختی له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردن كرد له پرۆسه‌ی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تدا.
سه‌باره‌ت به پرسی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماریش تائێستا پارتی به‌وشێوه‌یه قسه ده‌كات ئه‌م بابه‌ته له پرۆسه‌ی پێكهێنانی حكومه‌ت له كوردستان دوربخاته‌وه‌و به‌گوێره‌ی دوو میكانیزم یه‌كلا بكرێته‌وه، ده‌نگدانی په‌رله‌مانی كوردستان به كاندیدێك بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، یاخود یه‌كلاكردنه‌وه‌ی كاندیده‌كه له‌رێگه‌ی فراكسیۆنه كوردییه‌كانی په‌رله‌مانی عێراقه‌وه.
سه‌رباری وتاری فه‌رمی پارتی؛ پێده‌چێت چاره‌سه‌ری ناكۆكی له‌باره‌ی پۆستی سه‌رۆك كۆماره‌وه ببه‌سترێته‌وه به پرسی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌ت له كوردستان و هاوكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆماردا، په‌رله‌مانی كوردستانیش كۆببێته‌وه بۆ ته‌واوكردنی هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی ده‌یه‌م، هه‌ڵبه‌ت ئه‌گه‌ر پارتی و یه‌كێتیی له كۆبوونه‌وه‌ی سبه‌ینێی پیرمامدا بگه‌نه رێككه‌وتن.
به‌پێی قسه‌ی هه‌رێم كه‌مال ئاغا سه‌رۆكی فراكسیۆنی یه‌كێتیی له په‌رله‌مانی عێراق، ئه‌گه‌ر سبه‌ینێ بافڵ تاڵه‌بانی و بارزانی له‌سه‌ر كاندیدی سه‌رۆك كۆمار رێككه‌وتن بكه‌ن، په‌رله‌مانی عێراق پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار له رۆژی پێنجشه‌ممه‌ی ئه‌م هه‌فته‌یه ئه‌نجام ده‌دات.
خۆ ئه‌گه‌ر رێككه‌وتن نه‌كرێت، دۆخی دابه‌شبوونی ماڵی شیعه و سوننه به‌سه‌ر ناكۆییه‌كانی كورددا له‌سه‌ر پۆستی سه‌رۆك كۆمار وه‌كو خۆی ده‌مێنێته‌وه.
چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگیی كه هاوپه‌یمانی لایه‌نه شیعه‌كان و كوتله‌ی گه‌وره‌ی ناو په‌رله‌مانی عێراقه، داوایكردووه پارتی و یه‌كێتیی له‌سه‌ر یه‌ك كاندید بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار بگه‌نه رێككه‌وتن، به‌پێچه‌وانه‌وه په‌رله‌مانتارانی شیعه سه‌رپشك كراون له‌وه‌ی ده‌نگ به كام كاندید ده‌ده‌ن بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار.
لایه‌نه سوننه‌كانیش دابه‌شبوون به‌سه‌ر ناكۆكییه‌كانی پارتی و یه‌كێتیی سه‌باره‌ت به پۆستی سه‌رۆك كۆمار، حه‌لبوسی پشتیوانی یه‌كێتیی و، نه‌یاره‌كانیشی پشتیوانی پارتی ده‌كه‌ن.
له ئێستادافوئاد حسێن كاندیدی فه‌رمی پارتی و نزار ئامێدی كاندیدی فه‌رمی یه‌كێتییه بۆ پۆستی سه‌رۆك كۆمار، له‌م نێوه‌نده‌شدا له‌تیف ره‌شیدی سه‌رۆك كۆماری ئێستاكه یه‌كێتییه خۆی بۆ پۆسته‌كه كاندیدكردوه‌ته‌وه.
PM:05:09:10/02/2026
ئه‌م بابه‌ته 492
جار خوێنراوه‌ته‌وه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت