مەسرور بارزانی: کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت قبووڵکراوی خەڵک بێت، نەک کاندیدی حزبێک کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە
وێستگەنیوز-
سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەنگی خەڵکە، ئاماژە بەوەشدەکات، کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو بێت، نەک کاندیدی حزبێک بێت کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە.
ئەمشەو چوارشەممە 4ی شوباتی 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانەی چاوپێکەوتنێکی تایبەتدا لەگەڵ کەناڵی کوردستان 24 رایگەیاند، "پێکهێنانی حکومەت لەسەر بنەمای دەنگی خەڵکە، هەر کاتێک لایەنە سیاسییەکان رێزیان لە ویستی دەنگدەر گرت، پرۆسەکە ئاسان دەبێت".
ئاماژەی بەوەکرد، "ئێمە هیچ کێشەیەکمان لەسەر کارنامە و ئەجێندای حکومەت نییە و رێککەوتووین، بەڵکو کێشەکە لەسەر وەرگرتنی پۆستە و هەندێک کەس کێشەی شەخسییان هەیە".
جەختی لەوەشکردەوە، "نابێت بەرژەوەندیی باڵای وڵات لە بەرژەوەندیی شەخسی یان پۆستێکی دیاریکراودا کورت بکرێتەوە، پێداگریی ئێمە لەسەر هەندێک پۆستی وزاری بۆ ئەوەیە بتوانین باشتر خزمەتی هاوڵاتییان بکەین، چونکە بەداخەوە هەندێک لایەن بە حکومەتێکی یەکگرتووی سەرانسەرییەوە پابەندنەبوونە، لەکاتێکدا ئێمە دەمانەوێت خزمەتگوزارییەکان بگەیەنینە هەموو پارێزگاکان بەبێ جیاوازی".
باسی لەوەشکرد، "زیاتر لە ساڵێکە هەڵبژاردنی هەرێم کراوە و دەبوو پارساڵ حکومەت پێکهاتبا، بەڵام لایەنی بەرامبەر ویستی بە حکومەتی فیدراڵەوە بیبەستێتەوە بۆ ئەوەی دەستکەوتی هەردوو هەڵبژاردنەکە تێکەڵ بکات، لای ئێمە ئەمانە دوو پرسی جیاوازن و دەبێت بە جیا مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت".
مەسرور بارزانی لەبارەی پۆستی سەرۆک کۆماری عێراقەوە وتی، "کاندیدی سەرۆک کۆمار دەبێت لەلایەن هەموو خەڵکی کوردستانەوە قبووڵکراو بێت، نەک کاندیدی حزبێک بێت کە هەڵبژاردنیشی نەبردووەتەوە".
وتیشی، "باشترین میکانیزم ئەوەیە کاندیدی سەرۆک کۆمار لە پەرلەمان یەکلایی بکرێتەوە و بە دەنگی زۆرینە دیاری بکرێت".
سەرۆک وەزیرانی هەرێم باسی لە کێشەی مووچە کرد و ئاماژەی بەوەدا، "لە پرسی مووچە سەرمان سوڕماوە، چونکە کێشەی مووچە بە سیاسی کراوە، دەبێت مامەڵەی یەکسان لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان و عێراق بکرێت، ئەگەر بەغدا کێشەی سیولەی هەیە، دەبێت کاریگەرییەکەی بۆ هەمووان وەک یەک بێت".
ئەوەشی خستەڕوو، "حکومەتی هەرێمی کوردستان هەموو پابەندییەکانی جێبەجێ کردووە، چونکە نەوتی هەرێمی دەفرۆشرێت و 120 ملیار دیناریش لە داهاتی نانەوتی دەدرێتە وەزارەتی دارایی عێراق، کە ئەمە دەکاتە نزیکەی 60% بۆ 70%ی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم، بەغدا تەنیا 200 ملیار دینار دەخاتە سەر ئەو پارەیە بۆ تەواوکردنی مووچە، بۆیە هیوادارین بە زووترین کات شایستە داراییەکان بنێرن".
PM:08:23:04/02/2026
ئهم بابهته 160
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت