د.سەباح هەورامی: داتاکانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناک نین


وێستگەنیوز-

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی رایدەگەیەنێت، داتاکانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناک نین، ئاماژە بەوەشدەکات، هیوادارین حکومەتی هەرێمیش چارەسەری پێویست بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دابین بکات.


ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026، د.سەباح هەورامی، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی سلێمانی لەمیانەی سیمینارێکی تایبەت بە رۆژی جیهانی نەخۆشی شێرپەنجە بە رۆژنامەنووسانی راگەیاند، "نەخۆشی شێرپەنجە بووە بە دیاردەیەک بەرۆکی هەموو ماڵێکی گرتووە لە جیهان و هەرێمی کوردستان و بە تایبەتیش پارێزگای سلێمانی، بۆیە هیوادارین خەڵک خۆی بپارێزێت و حکومەتی هەرێمیش چارەسەری پێویست بۆ تووشبووانی شێرپەنجە دابین بکات".

ئاماژەی بەوەکرد، "داتاکانی نەخۆشانی شێرپەنجە لە پارێزگای سلێمانی ترسناک نین، بۆیە نامەوێت خەڵک قەلق بێت و بترسێت".

د. سەباح هەورامی وتی، "لە جیهاندا چارەسەری زۆر باش هەیە بۆ نەخۆشانی شێرپەنجە، هیوادارین چارەسەرەکان زیاتر ببن و نرخەکانیشیان هەرازنتر بن".

بەڕێوەبەری تەندروستیی سلێمانی داوای لە سەرمایەداران کرد نەخۆشخانەیەک بۆ ئەو تووشبووانەی شێرپەنجە بکەنەوە کە توانای داراییان باشە، بۆ ئەوەی نەخۆشخانەی هیوا بۆ ئەو نەخۆشانە بێت کە باری داراییان باش نییە و لەوێ چارەسەر وەربگرن.

وتیشی، "کەرتی تایبەت یارمەتی دەری کەرتی گشتییە و ئێمە هیچ بەرژەوەندییەکمان لە کەرتی تایبەتدا نییە".

لەمیانەی قسەکانیدا د. سەباح باسی لەوەکرد، "تائێستاش دەرمانی قاچاغ دێتە سلێمانی و عێراقەوە، بەڵام هەندێک دەرمان هەیە دەرمانی باشن بۆیە قاچاغن، چونکە رێککاری داخڵبوونیان بۆ نەکراوە، جۆرێکی تری قاچاغی دەرمان هەیە کە دەرمانەکە فەیکە".


PM:12:39:03/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو