تۆڕی هاوپەیمانی 19: لە مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵدا 113 چالاكی مەدەنیی ئاشتیخوازانە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان ئەنجام دراون


وێستگەنیوز-

ئەمڕۆ سێشەممە 3ی شوباتی 2026، تۆڕی هاوپەیمانی 19 ئاماری کار و چالاکییەکانی مانگی کانونی دووەمی ئەمساڵی لەژێر ناونیشانی "مانگێک بێ گازی فرمێسکڕێژ" بڵاوکردەوە.


تۆڕی هاوپەیمانی 19 (سەنتەری میترۆ سەپەرشتی دەكات) بڵاویکردەوە، لە كانونی دووەمی 2026، چاودێری (113) چالاكی مەدەنیی ئاشتیخوازانەی لە شارەكانی هەرێمی كوردستان كردووە، كە رێژەی (86%)ی بۆ پشتیوانی كۆمەڵگەی كوردستانی رۆژئاوا و ناڕەزایی دەربڕین بوون بەرانبەر هێرشەكانی سوپای سوریا بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و زیانگەیاندن بە دانیشتوانی مەدەنی ئەو ناوچانە.

ئەو چالاكییە مەدەنییانەی تۆڕی هاوپەیمانی 19، چاودێری كردوون بریتی بوون لە:

(77) گردبوونەوە، (17) رێپێوان، (16) كۆنگرەی رۆژنامەوانی، (2) شەقام داخستن، یەک مانگرتن.

چالاكییەكان بەپێی شوێن:

(47)چالاكی لە سلێمانی بە رێژەی (42%)، (24) چالاكی لە هەولێر بە رێژەی (21%)، (9) چالاكی لە دهۆك بە رێژەی (8%)، (6) چالاكی لە هەڵەبجە بە رێژەی (5%)، (15) چالاكی لە ئیدارەی راپەرین بە رێژەی (13%)، (8) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی گەرمیان بە رێژەی (7%)، (4) چالاكی لە ئیدارەی سەربەخۆی سۆران بە رێژەی (4%) بووە.

جۆری داخوازییەكان:

(98) خۆپیشاندان بۆ پشتیوانی رۆژئاوای كوردستان بووە كە رێژەی(86%)ی چالاكییەكانی پێكهێناوە، (2) خزمەتگوزاری (2%)، (1) مووچە (1%)، (1) مافی خاوەن پێداویستی تایبەت (1%)، (1) مافی خوێندكار (1%)، (1) سەروەری یاسا (1%)، (8) داخوازی جیاجیا بوون (7%)، (1) بۆ مافی ئاژەڵان(1%).

تۆڕی هاوپەیمانی 19 لە چاودێری كردنی خۆپیشاندانی مەدەنی و ئاشتیخوازانەی سەدان هەزار هاوڵاتی هەرێمی كوردستان، رایدەگەیەنێت و دەڵێت، "ئاڵای كوردستان دیمەنی خۆپیشاندانەكانی داپۆشیبوو نەك ئاڵای حزبەكان، هیچ رواڵەتێكی توندوتیژی تێدا نەبوو و هێزی ئەمنی ئەركی پاراستنی چالاكییەكانیان بە سەركەتووی ئەنجامدا".

هەروەها، چاودێرانمان لە هەموو شارەكانی هەرێمی كوردستان، هیچ جۆرە دەستدرێژییەكیان بۆ سەر ژنان و كچان تۆمار نەكردووە، گوتاری رقاویش لە ئاستێكی زۆرلاواز بوو و گەر هەستی پێكرابێت پەیوەندی بەگوتاری خۆپیشاندانەكانەوە نەبووە، پاراستنی ژینگە و بەشداری ژنان و گەنجان لە ئاستێكی باڵا بوو.

تۆڕی 19 لە لایەن كۆمەڵێك رێكخراو و داكۆكیكارانی مافی مرۆڤ دامەزراوە، سەنتەری میترۆ سەرپەرشتی دەكات، داكۆكی لە پرەنسیپەكانی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤ و بەڵگەنامە نێودەوڵتەییەكانی تری تایبەت بە ماف و ئازادییەكان دەكات، بە تایبەتیش بەندی 19ی جاڕنامەی گەردوونی مافی مرۆڤی نەتەوە یەكگرتووەكان.


AM:09:19:03/02/2026








ئه‌م بابه‌ته 140 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو