مه‌سعود بارزانی‌ بۆچوونی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆمار راگه‌یاند


وێستگه‌نیوز –
سه‌رۆكی‌ پارتی‌ دیموكراتی‌ كوردستان بۆچوونی‌ له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی‌ سه‌رۆك كۆماری‌ عێراق به‌ شاندێكی باڵای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی شیعه‌كان راگه‌یاند، ده‌شڵێت: "ده‌بێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار دیاری بكرێت".


ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2ـی شوباتی 2026 مه‌سعود بارزانی سه‌رۆكی‌ پارتی‌ له‌ پیرمام له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی كۆبۆوه‌ كه‌ پێكهاتبوو له‌ محه‌مه‌د شیاع سودانی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ و گه‌شه‌پێدان، هادی عامری سكرتێری گشتیی ڕێكخراوی به‌در، موحسین مه‌نده‌لاوی سه‌رۆكی هاوپه‌یمانیی ئه‌ساس و عه‌باس رازی سكرتێری گشتیی چوارچێوه‌ی هه‌ماهه‌نگی.

باره‌گای‌ بارزانی‌ رایگه‌یاند كه‌ له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ڕۆشنایی خرایه‌ سه‌ر بارودۆخی سیاسیی عێراق و هه‌نگاوه‌كانی ناو پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆك كۆمار و هه‌روه‌ها پێكهێنانی حكوومه‌تی داهاتووی عێراقی فیدڕاڵ.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، بارزانی جه‌ختی له‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ سه‌رۆك كۆمار پشكی كورده‌ و ده‌بێ میكانیزمێكی دیاریكراو بۆ هه‌ڵبژاردنی دیاری بكرێت و بچه‌سپێندرێت بۆ ئه‌وه‌ی هه‌موو كه‌ڕه‌تێك پڕۆسه‌ی سیاسی تووشی كێشه‌ نه‌بێت و به‌پێی ئه‌و میكانیزمانه‌ به‌ربژێری سه‌رۆك كۆمار هه‌ڵبژێردرێت.

ئاماژه‌ به‌وه‌شدراوه‌ كه‌ بارودۆخی سیاسی و دوا گۆڕانكارییه‌كانی سوریا و ناوچه‌كه‌ به‌ گشتی و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لایه‌نه‌ سیاسیه‌كان ته‌وه‌ری تری ئه‌و دیداره‌ بوون.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا نێچیرڤان بارزانی و مه‌سرور بارزانی جێگرانی سه‌رۆكی پارتی و فازڵ میرانی به‌رپرسی ده‌سته‌ی كارگێڕیی و هۆشیار زێباری و مه‌حمود محه‌مه‌د و سیداد بارزانی ئه‌ندامانی ده‌سته‌ی كارگێڕی و فوئاد حسێن ئه‌ندامی مه‌كته‌بی سیاسی پارتی دیموكراتی كوردستان ئاماده‌ی بوون.


PM:06:22:02/02/2026
































ئه‌م بابه‌ته 504 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو