قوباد تاڵه‌بانی: حكومه‌تی‌ ئێستا كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و له‌ ئاستی قۆناغه‌كه‌دا نییه‌


وێستگه‌نیوز - 
قوباد تاڵه‌بانی، جێگری سه‌رۆك وه‌زیرانی‌ هه‌رێمی‌ كوردستان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ عیرفان سدیق، باڵیۆزی به‌ریتانیا له‌ عێراق رایگه‌یاند حكومه‌تی كاربه‌ڕێكه‌ری ئێستای هه‌رێم ناتوانێت به‌پێی پێویست خزمه‌تی هاوڵاتییان بكات و كێشه‌كانی هه‌رێم چاره‌سه‌ر بكات.


له‌ ته‌وه‌رێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ (2/2/2026) له‌ هه‌ولێر به‌ ئاماده‌بوونی ئه‌ندرۆ بیزڵی، كونسوڵی گشتیی به‌ریتانیا به‌ڕێوه‌چوو، گفتوگۆكرا له‌باره‌ی پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی عێراق.

 له‌مباره‌یه‌وه‌ قوباد تاڵه‌بانی به‌ ئاماژه‌دان به‌ دۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها دۆخی سیاسی ناوخۆی عێراق، رایگه‌یاند كه‌ "پێویسته‌ لایه‌نه‌ عێراقییه‌كان له‌ گفتوگۆكانیان به‌ ره‌چاوكردنی دۆخی ناوچه‌كه‌ و هه‌روه‌ها داواكارییه‌كانی هاوڵاتییانی عێراق هه‌وڵی پێكهێنانی حكومه‌تێك بده‌ن كه‌ بتوانێت سه‌قامگیری عێراق بپارێزێت".

وتیشی‌: "حكومه‌تێك بێت هه‌نگاوی جددی بنێت به‌ره‌و گه‌شه‌پێدانی ئابووری و باشتركردنی دۆخی خزمه‌تگوزاری له‌ هه‌موو عێراقدا".

له‌ به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پێكهێنانی حكومه‌تی داهاتووی هه‌رێمی كوردستان كرا. قوباد تاڵه‌بانی كۆسپ و گرفته‌كانی به‌رده‌م پێكهێنانی حكومه‌تی بۆ باڵیۆزی به‌ریتانیا روون كرده‌وه‌ و پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی به‌ پێویستییه‌كی بنه‌ڕه‌تی دانا بۆ پاراستن و به‌هێزكردنی قه‌واره‌ی هه‌رێم.

راشیگه‌یاند كه‌ "ئه‌م حكومه‌ته‌ كاربه‌ڕێكه‌ره‌ و له‌ ئاستی قۆناغه‌كه‌دا نییه‌ و ناتوانێت وه‌ك پێویست متمانه‌ی گه‌لی كوردستان و دۆستانمان له‌ ناوچه‌كه‌و جیهان به‌ده‌ست بهێنێت و له‌ هه‌مان كاتدا هه‌نگاوی پێویست بنێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان له‌ هه‌رێم".



PM:04:13:02/02/2026






ئه‌م بابه‌ته 128 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو