زیاتر لە 120 کیلۆگرام حەب و مادەی دیکەی هۆشبەر لەناوبران


وێستگەنیوز-

لیژنەی لەناوبردنی مادە هۆشبەرەکان لە هەولێر زیاتر لە 120 کیلۆگرام حەب و مادەی دیکەی هۆشبەری لەناوبرد.


ئەمڕۆ دووشەممە 2ی کانوونی دووەمی 2026، ئەرکان بیبانی، وتەبێژی بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکان رایگەیاند، "لە لایەن لیژنەی تایبەتمەندی لەناوبردنی مادە هۆشبەرەکان بڕی 120 کیلۆگرام و 464 گرام مادە و حەبی هۆشبەری جۆراوجۆر لەناوبراون".

بەگوێرەی راگەیەندراوی لیژنەکە، مادە هۆشبەرەکان پێکهاتوون لە کریستاڵ، هیرۆیین، تریاک، حەشیش، ماریجوانا، گراس، تۆپێک قوماش و دوو قەمسەڵە و دوو کڵاو کە بە مادەی هۆشبەر رووپۆشکراون، دەستیان بەسەرداگیراوە و لە ناوبراون، هاوکات 38 جگەرەی هۆشبەر، 8 دەرزیی هۆشبەر، 22 خواردنەوەی هۆشبەری (شرووب) و 898 کەلوپەلی بەکارهێنان و کێشانی مادەکەش لەلایەن لیژنەکەوە سووتێنران.

ئەرکان بیبانی ئاماژەی بەوەشکرد،"لە نێوان ساڵانی 2023 تاوەکو 2025، دادوەری لێکۆڵینەوەی ئاسایش، دوو هەزار و 113 دۆسیەی تایبەت بە مادەی هۆشبەری رەوانەی دادگا تایبەتمەندەکانی کەتن و تاوان کردووە و یەکلایی کراونەتەوە".

راشیگەیاند، "ئەو لیژنەیەی بەپێی ماددەی 40 لە یاسای ژمارە 1ـی ساڵی 2020 (یاسای بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر و کارتێکەری عەقڵی) پێکهێنراوە، لە سەرەتای ساڵی 2023وە، بڕی هەزار و 747 کیلۆ و 500 گرام مادەی هۆشبەر، 147 هەزار شریت حەبی هۆشبەر، هەزار و 959 دەنکە حەبی فەل، شەش هەزار و 633 دەرزی و خواردنەوەی هۆشبەر، دوو هەزار و 866 کەلوپەلی بەکارهێنانی مادەی هۆشبەری بە چەند قۆناخ لەناوبردووە".

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی بەرەنگاربوونەوەی مادە هۆشبەرەکانی هەرێمی کوردستان کە 31ی کانوونی دووەم بڵاوکرایەوە لە سنووری پارێزگای هەولێر، ساڵی رابردوو دەست بەسەر 1575 کیلۆگرام مادەی هۆشبەر لە جۆرەکانی کریستاڵ و حەبی کەپتاگۆن دەستیان بەسەرداگیراوە و سوتێندراون.

لیژنەی عەمبارکردن و لەناوبردنی مادە هۆشبەرەکان، بڕی 1356 کیلۆ و 758 گرام مادەی هۆشبەری جۆراوجۆریان سووتاندووە و لەناویان بردووە، ئەم بڕە مادەیە پەیوەست بووە بە 1297 دۆسیە کە لە دادگاکان یەکلا کراونەتەوە و پلەی بنبڕیان وەرگرتووە.

هەروەها ئاماژەی بەوەدا، 601 تۆمەتبار دوای تەواوکردنی ماوەی سزای یاساییان ئازادکراون.


PM:03:21:02/02/2026


ئه‌م بابه‌ته 96 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو