ئەمڕۆ رێککەوتنی نێوان هەسەدە و حکومەتی سوریا جێبەجێ دەکرێت و قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندرا
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ دووشەممە 2ی شوباتی 2026، رێککەوتنی ئاگربەستی نێوان حکومەتی سوریا و هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
لە شەوی رابردووەوە لە حەسەکە و قامشلۆ قەدەغەی هاتووچۆ راگەیەندراوە و ئێستاش فڕۆکەی جەنگی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بە ئاسمانی هەردوو شارەکە دەسوڕیتەوە.
ئەنجومەنی نیشتمانی کورد له سوریا "ئهنهكهسه" رایگهیاند، پێویستە رێککەوتنی نێوان حکومەتی سووریا و ههسهده بە شێوەیەکی جددی و درێژخایەن جێبەجێ بکرێت، بۆ ئهوهی هاووڵاتیان لهو نائارامییهی ههیه رزگاریان بێت و بگەڕێنهوه زێدی خۆیان.
ئهنهكهسه ئاماژه بهوهدەکات، "ئهو رێككهوتنه و مهرسوومی ژماره 13 وهكو دهستپێكێكی گرنگه بۆ دیالۆگێكی جیددیه بۆ بهدیهێنانی مافه نهتهوهییهكان و نههێشتنی ئهو زوڵم و ستهمهی ههبووه له رێگهی دهستوورهوه".
ئەنەکەسە دەڵێت، "دەستەبەرکردنی مافی هەموو پێکهاتەکانی سوریا لەسەر بنەمای هاوبەشی راستەقینە و دادپەروەری و یەکسانی بنەمایەکی سەرەکییە بۆ پاراستنی بەرژەوەندی باڵای نەتەوەیی و ئەمەش بەردەوامی ئاسایش و سەقامگیری مسۆگەر دەکات و ژیانێکی شکۆمەندانە بۆ هەموو سورییەکان زامن دەکات".
لە 29ی کانوونی دووەمی 2026، رێککەوتنی گشتگیری نێوان هێزەکانی سوریای دیموکرات (هەسەدە) و حکومەتی سوریا واژۆکرا.
خاڵەکانی رێککەوتنەکە بەسەر دۆسیەکانی سەربازی، ئەمنی، ئیداری و ئابووریی بەمشێوەیە دابەشبوون:
1- ئاگربەست و زیندانەکان، راگەیاندنی ئاگربەستی هەمیشەیی و گشتگیر و راگرتنی سەرجەم هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و هەڵکوتانە سەر شوێنەکان. لەگەڵ بەردەوامیی پاراستنی زیندانەکانی داعش لەلایەن هەسەدەوە و دابینکردنی پشتیوانیی لۆجیستی تەواو بۆ پڕۆسەکانی گواستنەوە.
2- کشانەوەی سەربازی، کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی هەسەدە لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێککەوتوون، لە بەرانبەردا سوپای سووریا دەستبەجێ دەکشێتەوە بۆ شارۆچکەی شەدادی لە باشووری حەسەکە.
3- پێکهێنانی هێزی سەربازی لە حەسەکە، وەزارەتی بەرگریی سووریا فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بە پارێزگای حەسەکە پێکدەهێنێت و هێزەکانی هەسەدە لە چوارچێوەی سێ لیوادا لەو فیرقەیەدا تێکەڵ دەکرێن.
4- هێزەکانی کۆبانێ، تێکەڵکردنی هێزە سەربازییەکانی کۆبانێ وەک لیوایەک کە سەر بە فیرقەیەکی سەربازیی پارێزگای حەلەب دەبێت.
5- دۆسیەی ئەمنی و وەزارەتی ناوخۆ، هاتنەناوەوەی 15 ئۆتۆمبێلی هێزە ئەمنییەکان بۆ هەر یەک لە شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بەمەبەستی بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها دەستپێکردنی پڕۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی هەسەدە (ئاسایش) بە وەزارەتی ناوخۆ.
6- دابەشکردنی پۆستە باڵاکان، دیاریکردنی پارێزگاری حەسەکە (هەسەدە کاندیدی دەکات)، دیاریکردنی فەرماندەی پۆلیس/ئاسایشی پارێزگا (حکومەتی سوریا کاندیدی دەکات) و دیاریکردنی جێگری وەزیری بەرگری (هەسەدە کاندیدی دەکات).
7- رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان، رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی "رمێلان و سوەیدیە" و تێکەڵکردنی فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان بە وەزارەتی وزە، رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی شارستانی.
8- دەروازە سنوورییەکان، ناردنی تیمێک لە دەستەی دەروازە سنوورییەکان بۆ دەروازەی سێمالکا و نوسەیبین بۆ بەفەرمیکردنی کارمەندە مەدەنییەکان، رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ هێنانی چەک و بیانییەکان، و کردنەوەی دەستبەجێی دەروازەکان.
9- دامەزراوە مەدەنییەکان، حکومەتی سوریا سەرپەرشتی سەرجەم دامەزراوە مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە دەکات و دامەزراوەکانی خۆبەڕێوەبەری تێکەڵ بە دامەزراوەکانی دەوڵەت دەکات، لەگەڵ بەفەرمیکردنی ئەو فەرمانبەرە مەدەنییانەی تێیاندا کار دەکەن.
10- قەدەغەی هێزی سەربازی لە شارەکان، قەدەغەکردنی چوونی هێزە سەربازییەکان بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە، بەتایبەتی ناوچە کوردییەکان.
11- داننان بە بڕوانامەکان، چارەسەرکردن و پەسەندکردنی سەرجەم بڕوانامەکانی خوێندنگە، پەیمانگا و زانکۆکان کە لەلایەن خۆبەڕێوەبەریی باکووری رۆژهەڵاتی سوریاوە دەرچوون.
12- مۆڵەتی رێکخراو و میدیاکان، مۆڵەتدان بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و رۆشنبیرییەکان و دامەزراوە میدیاییەکان بەپێی یاسا بەرکارەکانی وەزارەتە پەیوەندیدارەکان.
13- خوێندنی کوردی، کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پرۆسەی خوێندنی پێکهاتەی کورد و رەچاوکردنی تایبەتمەندییە پەروەردەییەکان.
14- گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێکانی)، زامنکردنی گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانیان (عەفرین، شێخ مەقسود، سەرێکانی) و دانانی بەرپرسی خۆجێیی لەناو ئیدارە مەدەنییەکانی ئەو ناوچانە.
ئەمڕۆ دووشەممە، لە چوارچێوەی جێبەجێکردنی رێککەوتننامەی گشتگیر، هێزی ئەمنیی حکومەتی سوریا لە چوارگۆشەی ئەمنی قامشلۆ جێگری دەکرێن.
لە قۆناغی یەکەمدا فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای 16 هەزار کەسی بۆ هێزەکانی هەسەدە پێکدەهێنرێت و پرۆسەی تێکەڵکردنەوەی هێزەکانی هەسەدە و حکومەتی سوریا مانگێک دەخایەنێت، دوای ئەوەی فڕۆکەخانەی قامشلۆ و دەروازە سنوورییەکان رادەستی حکومەتی سوریا کران، لە قۆناغی دووەمدا کێڵگە نەوتییەکانیش رادەست دەکرێن.
لە رووی ئەمنییەوە، هێزەکانی سەر بە وەزارەتی ناوخۆی سوریا دەچنە ناوەندی شارەکانی حەسەکە و قامشلۆ و پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزەکانی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆی حکومەتی سوریا دەستپێدەکات.
هاوکات لە رووی سەربازییەوە، بڕیار لە پێکهێنانی فیرقەیەکی سەربازیی نوێ کە لە 3 لیوای هێزەکانی هەسەدە پێکدێت، لەگەڵ پێکهێنانی لیوایەکی تایبەت بۆ هێزەکانی کۆبانێ لە چوارچێوەی فیرقەیەکی سەر بە پارێزگای حەلەب دراوە.
رێککەوتننامەکە لایەنی ئیداری و مەدەنیشی گرتووەتەوە، بە جۆرێک کە سەرجەم دامەزراوەکانی بەڕێوەبەرایەتی خۆسەر دەخرێنە سەر دامەزراوە فەرمییەکانی دەوڵەتی سوریا و فەرمانبەرە مەدەنییەکان لە کارەکانیان جێگیر دەکرێن.
AM:10:00:02/02/2026
ئهم بابهته 236
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت