نێچیرڤان بارزانی: باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی 1ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان پاراستنی دەستکەوتەکانە
وێستگەنیوز-
ئەمڕۆ یەکشەممە 1ی شوباتی 2026، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان پەیامێكی بەبۆنەی یادی شەهیدانی 1ـی شوبات پەیامێکی بڵاوکردەوە.
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، "ئەمڕۆ بە رێز و شکۆوە یادی شەهیدانی نەمری مەرگەساتی1ـی شوباتی 2004 دەکەینەوە، ئەو رۆژەی تیرۆریستانی تاریکپەرست لە بەیانییەکی جەژندا، بە رق و کینەیەکی رەشەوە، دوو بارەگای سەرەکیی پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتیی نیشتمانیی کوردستانیان لە هەولێر کردە ئامانج و کۆمەڵێک سەرکردە و تێکۆشەری دیار و هاووڵاتیی بێتاوانیان شەهید و بريندار کرد".
ئاماژەی بەوەکرد، "شەهیدانی 1ی شوبات، سیمبۆلی پێکەوەژیان، یەکڕیزی و تێکەڵبوونی خوێنی رۆڵەکانی كوردستانن لەپێناو ئازادی و سەرفرازیدا. ئەوان لە کاتێکدا شەهید بوون کە خەریکی پیرۆزبایيی جەژن و بەهێزکردنی تەبایی و خۆشەویستی بوون، بۆیە یادکردنەوەیان تەنها وەبیرهێنانەوەی ئازارێک نییە، بەڵکو جەختکردنەوەیە لەسەر ئەو بەهایانەی ئەوان لەپێناویدا گیانیان بەخشی".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەڵێت، "باشترین وەفا بۆ خوێنی شەهیدانی ١ی شوبات و سەرجەم شەهیدانی کوردستان، پاراستنی دەستکەوتەکان، قووڵکردنەوەی گیانی تەبایی و پێکەوەکارکردن و یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکانە. دەبێت ئەم یادە بکەینە هەوێنی تێپەڕاندنی ناکۆکییەکان و کارکردن بۆ بنیاتنانی داهاتوويهكى گەشتر بۆ نەوەکانمان کە شایستەی قوربانیدانی شەهیدانمان بێت".
AM:10:56:01/02/2026
ئهم بابهته 128
جار خوێنراوهتهوه
لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت