وەزارەتی دارایی هەرێم: نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر مووچەی مانگی یەک لەڕێگەی "هەژماری من" وەردەگرن


وێستگەنیوز-

وەزیری دارایی و ئابووریی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی هەژماری من کۆبووەوە تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە.


وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، ڕۆژی دووشەممە 26ی کانونی دووەمی 2026، ئاوات شێخ جەناب, وەزیری دارایی و ئابووری پێشوازیکرد لە تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من )لە نووسینگەی سەرۆک وەزیرانی هەرێمی کوردستان, لە کۆبوونەوەیەکدا تیشک خرایە سەر دوایین هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی پڕۆژەکە و چارەسەری ئەو گرفتانەی لە بانکەکان دروست بوون.

بەپێی دوایین ئامارەکان تا ئێستا زیاتر لەیەک ملیۆن فەرمانبەر و مووچەخۆر و سوودمەندان لە پرۆژەی هەژماری من تۆمار کراون و بۆ مووچەی ئەم مانگە نزیکەی 700 هەزار مووچەخۆر لەڕێگەی (هەژماری من) مووچە وەردەگرن.

ئاماژە بەوە کراوە، لەبەشێکی تری کۆبوونەوەکە جەخت لەسەر جێبەجێکردنی بڕیاری وەزارەتی دارایی کرایەوە بۆ راگرتنی مووچەی مانگی یەکی ئەو فەرمانبەر و مووچەخۆرانەی خۆیان لە پڕۆژەی (هەژماری من) تۆمار نەکردووە یاخود کارتی بانکییان تەواو بووە و کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە.

هەر لە كۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا رێكاری پێویست لە گەڵ ئەو بانکانە بگیرێتەبەر کە لە مانگەکانی ڕابردوو کێشەی نەبوونی سەنتەری پەیوەندی و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە و کەمی ئامێریان ( ATM) هەیە و هۆشداری توندیان پێ بدرێت بۆ چارەسەری بنەڕەتی ئەو کێشانە.

وەزارەتی دارایی جەختی کردووەتەوە، هاوکات پرسی کێشەکانی بانکی بازرگانی عێراقی (TBI) یەکێکی تر بوو لە تەوەرەکانی کۆبوونەوەکە کە لە ماوەی ڕابردوودا ئەو بانکە چەندین کێشەی هەبووە لەوانە کێشەی تەکنیکی بەردەوام و دانەنانی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە قەزا و ناحیە و ئیدارە سەربەخۆکان و نەبوونی سەنتەری پەیوەندیکردن و کەمی ئامێری ڕاکێشانی پارە لە سەنتەری پارێزگاکان و درەنگ پڕکردنەوەی ئامێرەکانی ڕاکێشانی پارە، بەو هۆیەوە بەشێکی زۆری ئەو فەرمانبەرانەی لەو بانکە ناوی خۆیان تۆمار کردبوو لە ئێستادا بەشێوەی ئارەزومەندانە دەگوازرێنەوە سەر بانکی دڵخوازی دووەمی خۆیان و ئیجرائاتی پێویستیش لەگەڵ بانکی ناوبراو دەکرێت ، هەر بانکێکیش توشی سزا و سنووردارکردنی خزمەتگوزارییەکان ببێتەوە لە پڕۆژەکە دور دەخرێتەوە، ئەم هەنگاوانەش هەر بانکێک دەگرێتەوە کە پابەند نەبێت بە ڕێنماییەکان و نەتوانێت باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە مووچەخۆران بکات.

بەپێی ڕاگەیاندراوەکە، لە بەشی کۆتایی کۆبوونەوەکەدا تیشک خرایە سەر هەنگاوەکانی تۆمارکردنی خانەنشینان و کەسوکاری شەهیدان و خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان لە پڕۆژەی (هەژماری من)، کە لەکۆی 455 هەزار سوودمەند تا ئێستا 438 هەزاریان زانیارییەکانیان وەرگیراوە و زیاتر لە 354 هەزار کەسیشیان لە پڕۆژەکە تۆمار کراون و لە ئایندەیەکی نزیکدا سەرجەمیان تۆمار دەکرێن.

ئاماژە بەکردنەوەی هەژماری بانکی بۆ جوتیاران کرا کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە پرۆسەکە دەستی پێکردووە بە ئامانجی ئەوەی سەرجەم جوتیاران ببنە خاوەن هەژماری بانکی و شایستەی فرۆشتنی بەرهەمەکانیان لە ڕێی کارتی بانکییەوە وەربگرن.


AM:10:53:27/01/2026


ئه‌م بابه‌ته 220 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



لێرەوە کۆمێنت بنوسە لە فەیسبوک دەردەکەوێت

هەواڵی پەیوەندیدار

زۆرترین خوێندراو